16ی ئۆكتۆبەر لە تێڕوانینی بەشێك لە عەرەب و توركمان-ـەكانەوە

سوپای عێراق له‌ناو كه‌ركوك

16ی ئۆكتۆبەر، ناوێكی میدیایی، بۆ ڕوداوگەلێكی سیاسی و سەربازی، كە بوون بە بەشێك لەو ڕوداوە گرنگانەی مێژووی نوێی كورد، كە لە كۆتایی ساڵی 2017ـدا ڕوویاندا.

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر 16ی ئۆكتۆبەردا، “تۆڕی میدیایی ئێستا” هەوڵدەدات لەڕێگەی كۆمەڵێك كاری ڕۆژنامەوانی و بەدواداچوونی میدیاییەوە، لاپەڕەكانی ئەو ڕۆژە و لێكەوتەكانی هەڵبداتەوە، بۆچوونی جیاواز لە ناوخۆی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق لەبارەیانەوە بەدەستبخات و بە بێلایەنییەوە بیانگەیەنێت بە وەرگر.

لەم ڕاپۆرتە دا، كە تەرخانكراوە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی چەند كەسایەتییەكی سیاسی و سەربازیی عێراق، “ئێستا” هەوڵی پەیوەندیگرتنی لەگەڵ كەسایەتی و كاربەدەستی چەندین لایەنی عێراقی دا، بەڵام هەندێكیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن، تەنها ئەوەندە نەبێت كە جەختیان لە برایەتیی كورد و عەرەب دەكردەوە و زیانی هەر لایەكیان، بە ئازار و زیانی لایەكەی تر ناوزەد دەكرد.

حەجی غەریب تازەلی، فەرماندەی لیوای 16ی حەشدی شەعبی لە سنووری كەركوك قسەی بۆ “ئێستا” كرد و نیگەرانیی خۆی لە شەڕ و بەریەككەوتن دەردەبڕی و بە زیان ئەژماریدەكرد. ئەو لە لێدوانەكەیدا ڕایگەیاند، “پێشمەرگە برا و كەسوكاری ئێمەن، ئێمە لە هەشتاكانەوە هاوسەنگەری یەكدین و پێكەوە بووین.”

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی كە بە ڕەگەز توركمانە، پێشمەرگە بە بەرگرییكار لە نەتەوەكەی و ناوچەكانیان ناوزەد دەكات و پێیوایە درێژەكێشانی شەڕ لە 16ی ئۆكتۆبەر دا، زیانی بە هەردوولا دەگەیاند و ئەوانەشی دواجار زیاتر زیانمەند دەبوون، خەڵكی هەژار دەبوون، بۆیە “تازەلی” لە لێدوانەكەیدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” وتی، “هێزەكانی پێشمەرگە برای ئێمەن، ئەوان ماوەی چوار ساڵ لە ناوچەكانی ئێمە دا شەڕیان كرد و بەرگرییان لێكردین و ئێمە هەموو كەسوكاری یەكترین، ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەواندا نییە و ئەوەی كە ڕوویدا كێشەی سیاسی بوو، كە ئەگەر درێژەی بكێشابایە، دواجار خەڵكی هەژار و بێوەی زیانمەند دەبوون و تیادا دەچوون.”

“نەدەبوو ڕاپرسی و داواكردنی سەربەخۆیی، بە گولە وەڵامبدرێتەوە”
ئەسعەد مورشدی، ئەندامی ڕەوتی حیكمە لە پەرلەمانی عێراق، سەرباری دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ كورد و پشتیوانیكردنی لە خواستەكانی، جەختدەكاتەوە كە خودی خۆی و عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتەكەیان، دژی شەڕكردن بوون لەگەڵ كورد و پێیوایە نەدەبوو ڕاپرسی و داواكردنی سەربەخۆیی، بە گولە وەڵامبدرێتەوە و دەڵێت، “من ئەوكات ئەمینداری ئەنجومەنی پارێزگای زیقار بووم، چەندین لێدوان و بۆچوونم هەبوون و دژی شەڕكردن بووم، بەداخەوە جیاوازی لە بۆچوونە سیاسییەكاندا، سەریانكێشا بۆ شەڕ، بەڵام سەرباری ئەوەش ئێمە لەگەڵ شەڕكردن نەبووین و دژی ئەوە بووین خوێنی برایانی كورد یاخود سوپا بڕژێندرێت، برایانی كورد بەشێكن لە گەلانی عێراق، بۆیە گەر ڕاپرسییش كرابێت و داوای سەربەخۆییشیان كردبێت، دەبوو بە گوێرەی چوارچێوە یاسایی و نێودەوڵەتییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، نەك بە شەڕ و كوشتار.”

لە لێدوانەكەیدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا”، مورشیدی زیاتر لەوبارەیەوە دوا و وتی، “ئێمە ئەوكات ڕامانگەیاند كە دژی شەڕكردنین و ناچینە بەرەی شەڕكردن دژ بە كورد، سەید حەكیم بە تەواوەتی دژی شەڕكردن و فشاركردن لە گەلی كورد بوو، دژی هەنگاوەكانی حكومەتی فیدراڵی بوو، ئێمە و كورد ماوەی هەزاران ساڵە پێكەوە لەلایەن ڕژێمە زۆردارەكانەوە دەچەوسێندرێینەوە، ئێمە برای یەكترین و پێكەوە شەڕمان كرد و هاوسەنگەری یەكدی بووین لە دژی ستەم و دیكاتۆرییەت، پێكەوە قوربانیمان دا و ئازارمان چەشت، بۆیە بە هەموو شێوەیەك دژی شەڕكردن بووین و ئێستاش دژیین.”

ئەندامەكەی ڕەوتی حیكمە لە كۆتایی لێدوانەكەیدا جارێكی تر بە جەختكردنەوەوە وتی، “زۆر ڕێز لە هەموو بۆچوونێكی برایانی كورد دەگرین و خواستەكانیان هەرچییەك بن، نابێت شەڕیان لە دژ بەرپابكرێت.”

“ئەوانەی بوونەهۆی ڕژانی خوێنی پێشمەرگە سزانەدراون”
عودەی عەواد، سەركردە لە عەسائیبی ئەهلی حەق كە یەكێكە لە گروپە سەرەكییەكانی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی سەركردایەتی دەكات، لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر-ەوە ئاشكراكرد و وتی، “سیاسەتی مەسعود بارزانی و فراوانخوازییەكەی بوون بە هۆی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.”

ئەو سەركردەیەی عەسائیبی ئەهلی حەق، پێیوایە خوێنی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشد یەكن و نەدەبوو بڕژێندرێن، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، “خوێنی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق یەك شتە و هاوخوێنن، نەدەبوو خوێنیان بڕژێت، بەڵام هەوڵدان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت و ناكۆكییە سیاسییەكان وایانكرد ئەوە ڕوبدات”.

عودەی عەواد وتیشی، “بەداخەوە ئەوانەی بوونە هۆی ڕژانی خوێنی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق، تا ئێستا سزانەدراون.”

 

بابەتی پێشتر

کۆمپانیایەکی ئیسپانی ئومێدێکی دیکە دەداتە ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا

بابەتی دواتر

شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ئێران نزیک دەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share