عێراقییەکان هێشتا لەسەر شەقامن

چەندان هەفتەیە زایەڵەی هاواروهوتافی گۆڕینی ڕژێم تەواوی عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام ئەوەی خۆپیشاندەرانی هێنایە سەر شەقام هەژاریی مەزنی یەکێک لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی دونیایە بە نەوت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی AP، هەژاری ئەو هۆکارەیە کە خۆپیشاندەرانی لە شەقامەکاندا هێشتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆپیشاندەران بێباکن لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان، عادل عەبدولمەهدی، و وەک شکستخواردوویەک دەیبینن لەبەرانبەر بنەبڕنەکردنی گەندەڵی کە ڕێگرە لەوەی خۆپیشاندەران بتوانن ئیشیان دەستبکەوێت و لە بوارە گشتییەکانی وڵاتدا خزمەت بکەن.

عێراق بەدەست سیستمێکی تەندروستیی داڕووخاوەوە دەناڵێنێت، زۆربەی نەخۆشخانەکانی وڵات پزیشک و کەلوپەل و دەرمانی پزیشکییان هێندە کەمە کە زۆرجار هەڕەشەیە لەسەر سیاسەتی وڵاتیش.
داهاتوویەکی تاریک
بانکی جیهانی دەڵێت، “وێڕای ئەوەی عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێکە، کەچی یەکلەسەرپێنجی خەڵکەکەی لە دۆخی هەژاریدا دەژین و گەنجانی وڵاتەکە هێشتا دانەمەزراون و بێکارن”.

حکوومەت دەیان ساڵە بێشومار خەڵکی دامەزراندووە و ئێستا ئیتر ناتوانێت کار بۆ گەنجان یان دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بدۆزێتەوە.

گەنجانی عێراق لە سەدا ٦٠ی ٤٠ ملیۆن دانیشتووانەکەی عێراق پێکدەهێنن، بەپێی پێشبینییەکان لە ساڵی ٢٠٣٠ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی دەبێتە ٥٠ ملیۆن.

داتەپینی هەلومەرجی ئابووری عێراقییەکان هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکانە، لەکاتێکدا هەشت ملیۆن عێراقی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن

داهاتووی عێراق تاریکتر دەردەکەوێت، کاتێک دەبینیت سەدا ٩٠ زیاتری بودجەی وڵات پشتی بە هەناردەی نەوتی خاو بەستووە. ئەگەربێتو جیهان لە داهاتوودا سوود لە سەرچاوەی وزەی دیکە وەربگێت وەک جێگرەوەی نەوت، ئەوکات زەحمەتە پێشبینیی داهاتووی وڵاتەکە بکەیت.

لە ئێستادا، خۆپیشاندەران سەرکۆنەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری و خزمخزمێنە دەکەن و دەڵێن ئەمە چیتر مایەی قبووڵ نییە.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بەمشێوەیە باس لە ژیانی خۆی دەکات، ” لە قاتی زەمینیی ماڵەکەماندا دوکانێکی بچووکی شیرینیم کردەوە و لە ڕۆژێکدا ٥ هەزار دینارم دەستدەکەوت. تەواوی خێزانەکەمان لە مانگێکدا ١٥٠ دۆلارمان دەستدەکەوێت. چۆن شتی وا دەبێت لە وڵاتێکدا کە دەوڵەمەنترینی جیهانە بەنەوت؟”.

بەپێی ڕاپۆرتەی دەستەی چاودێریی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق ١٢یەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە.

لە تازەترین لێکۆڵینەوەیدا، حکوومەت بۆی ئاشکرا بووە لە ٢٠٠٣ـەوە ٤٥٠ ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵاتدا لە دزی و گرێبەستی ساختە و مووچەی فەرمانبەرانی وەهمیدا دیار نەماوە.
وڵاتانی دەرەوە دەست لە ناوەوەی وڵات وەردەدەن

لە ئازادکردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا، عێراق بووەتە شوێنی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دواییدا و دوای شەڕی داحش ململانێکان زۆر دیارتر و ڕوونتر دەردەکەون، دوای ئەوەی ئێران ڕاستەوخۆ وەک ئەکتەرێکی سەرەکی ناو عێراق دەرکەوت. بەوپێیەی نزیکایەتییەکی مەزهەبی لەگەڵ زۆرینەی ڕەهای وڵاتەکەدا هەیە.

لێکەوتەکانی ئەم ململانێیەش، دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو دوو وڵاتەیە لە عێراقدا.

لە سەروبەندی خۆپیشادانەکانی ئەم دواییانە و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیدا، دەنگۆی ئەوە هەیە ئێران بە ڕاستەوخۆ و لە واقیعی عێراقدا بوونی هەیە بۆ دەستوەردانە کاروباری سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکە.

ئەمریکاش لای خۆیەوە وەک ڕووبەڕووبوونەوەی پەلهاوێشتنەکانی ئێران لەو وڵاتەدا و بۆ بەرگرتن لە بەرپرسەکانی نزیک لە ئێرانەوە، سزای بەسەر چوار کەسایەتی عێراقیدا سەپاند، ئەوانیش سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی عەق، قەیس خوزعەلی و براکەی، لەیس خوزعەلی و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی، حوسەین فالح و خەمیس خەنجەر.

دوابەدوای ئەم سزادانەی ئەمریکا، ٦ی دیسەمبەر گروپێک چەکدار هەڵیانکوتابوویە سەر خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی خەللانی و دەستڕێژی گوللەیان لێکردبوون و ١٦ کوژراو و ٧٠ برینداری لێکەوتەوە.

دوو ڕۆژ پێشتریش، لە ٤ی دیسەمبەردا، کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ڕایگەیاند لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا ٤٦٠ کەس کوژراون و ١٧ هەزار و ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.
“نەوتەکەمان دەدزن”
مووسا خەلەف، پڕۆفیسۆری مێژووی ئابووری لە دیوانییە دانی بەوەدا نا، “داتەپینی هەلومەرجی ئابووری عێراقییەکان هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکانە، لەکاتێکدا هەشت ملیۆن عێراقی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن”.

زنجیرەیەک تووڕەیی و تەقینەوەی خەڵکی بەر لە شەپۆلی مەزنی خۆپیشاندانەکان لە مانگی ئۆکتۆبەر وایکردبوو بڵێسەی ئاگری خۆپیشاندانەکان خۆشتر ببێت.

لە مانگی ئەیلوولدا، دەسەڵاتە خۆجێیەکان دەستیانکرد بە ڕووخاندنی خانووە زێدەڕۆکان لە کەربەلا و بەسڕەی باشووری عێراق و کوت.

ئەو شوێنانەی ڕووخێندران خانووی سێ ملیۆن عێراق بوون، زۆرێک لەو عێراقییانە هەژارترینی هەژارەکان بوون.

لە هەمان مانگدا، پیاوێکی گەنج لە کوت دوای ئەوەی دەسەڵاتە خۆجێیەکان گەمارۆی دوکانی مۆبایلەکەیان دا ئاگری لەخۆی بەردا و گیانی لەدەستدا.

خەلەف وتی، “پێویستت بە سیاسەتێکی ئابووری هەیە کە بتوانێت لەسەر بنەمای زانستی و فاکتە ئابوورییەکان کەڵک لە سەرچاوەکان وەربگرێت”.

خۆپیشاندەران دوای دەستلەکارکێشانەوە و لەسەرکارلاچوونی عادل عەبدولمەهدی هێشتا لەسەر شەقامەکان و نێو مەیدانی شارەکانن.

خۆپیشاندەرێکی گەنج لە مەیدانی تەحریری بەغداد سەبارەت بە لەسەرکارلابردنی سەرۆکی حکوومەت بە ئاژانسی AFPـی وت، “بێگومان ئەوە بەس نییە”.

گەنجەکە وتی، “سەنگەرەکانمان چۆڵ ناکەین تا ئەوکاتەی ڕژێم دەکەوێت، تا ئەوکاتەی کار و ئاو و کارەبامان دەستدەکەوێت”.
بابەتی پێشتر

چۆن لە ماڵەوە خۆت فێری زمانێک بکەیت؟

بابەتی دواتر

بۆچى نابێت هەنگوین بخەینە ناو ئاو و چاى گەرمەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وتەبێژی دەوڵەتی یاسا لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتەوە زانیاری بۆ “ئێستا” ئاشكرادەكات

بڕیارە سبەی شاندێكی باڵای “چێوەی هەماهەنگی” بەسەرۆكایەتیی نوری مالكی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكاندا گفتوگۆبكەن…
Total
0
Share