قوباد تاڵەبانی: هەنگاو بگیرێتەبەر بۆ ڕێگری لەپەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە توندوتیژی دژی ژنان کرد و ڕایگەیاند، هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان، فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنانیش زوو جێبەجێ بكرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، “ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر، بەسەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبونەوەیەک سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو”.

کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، “تاوتوێی ئەو حاڵەتانەکرا، کە لەماوەی ڕابردوودا تۆمارکراون، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی خێرا و پلانی کورتخایەن خرایەڕوو، لەپێناو ڕێگری لەپەرەسەندنی ئەم حاڵەتانەدا”.

قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، پێویستە هەنگاوی خێرا بگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و خۆکوشتن، لەڕێی کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و هۆشیاریی خێزانی بدرێت، تا چارەسەری پێویست بۆ ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییە بدۆزرێتەوە.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، “لەکۆبونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕێگەچارەی خێرا بگیرێتەبەر، لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کردنەوەی خولی جۆراوجۆری ڕاهێنان بۆ ئەفسەران و وتەبێژان لەبارەی هۆشیاری لە بنەماکانی یەکسانیی جێندەری”.

هەروەها بڕیاردرا ڕێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی کەیسی نێو شێڵتەرەکان تا کۆتاییهاتنی ڕاوێژ لەگەڵ سەنتەرە تایبەتەکاندا، لەگەڵ جیاکردنەوەی کەیسەکان لەناو شێڵتەر بەپێی جۆر و تایبەتمەندیی کەیسەکان، بڕیاریشدرا بە دابینکردنی بودجەی پێویست و بینای گونجاو بۆ شێڵتەرەکان.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا، “بۆردێک دروست بکرێت، بۆ بەدواداچوون و پابەندبوون بە میساقی شەرەف، کە لەنێوان ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان هەیە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕێگریکردن لە سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکانی وەزارەت و بنەما پیشەییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە ڕووماڵی کەیسەکانی ژنان”.

بابەتی پێشتر

فەرمانبەر و كارمەندانی سەربازی ڕێگەیان پێنادرێت.. كاری تاكسی لە هەرێم ڕێكدەخرێتەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردە و بڕی داهاتی نەوتی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share