ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق له‌ مه‌خمور ده‌ستبه‌كاربوو

ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئەمڕۆ له‌ مه‌خمور ده‌ستبه‌كاربوو.

غەیاس سورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەڵبەندی یەكێتی لە موسڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە لە مەخمور دەستبەكاربوو، كە‌ پێنج ئه‌فسه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی تێدایە”.

وتیشی، لەماوەی ڕابردوو هیچ هەماهەنگییەك لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق نەبوو، بە دروستكردنی ئەو ژوورە، هاوكار ده‌بێت بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبه‌ش و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش، هەروەها ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری.

غەیاس سورچی باسیلەوەشكرد، بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا دوو ژووری دیكەی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە دەشتی نەینەوا و ڕۆژئاوای موسڵ دروست بكرێت.

دوێنێ ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکوک پێکهێنرا، دروستكردنی ئەو ژوورە هاوبەشانەش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەردولا بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنییە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تاڕێگری لە جوڵەکانی داعش بكرێت لەو ناوچانە.

بابەتی پێشتر

هەفتەی داهاتوو بۆ بەرشلۆنە قورس و یەکلاکەرەوە دەبێت

بابەتی دواتر

نزیكەی 600 توشبووی نوێی كۆرۆنا تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share