حکومەتی عێراق هاوکاریی دارایی ژنە ئێزدییە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش دەکات

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕی ئەو هاوکارییە داراییەی ئاشکراکرد، کە بەسەر ژنە ئێزدییە ڕزگاربووەکانی ژێردەستی داعشدا دابەشیدەکات، ژمارەی ئەو کەسانەشی ئاشکراکرد کە هاوکارییە داراییەکە دەیانگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە عەباس جەهانگیز وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان گرنگییەکی زۆر دەدات بە دۆسییەی ژنان و منداڵانی ڕزگاربووی ژێر دەستی داعش، لەو چوارچێوەیەشدا بەپێی توانا داراییەکانی حکومەت و هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوکاریی دارایی بەسەر ئەو ژنە ئێزدییانەدا دابەشدەکات، کە لە دەستی داعش ڕزگارییان بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەوڵمانداوە بەهاوکاریی ڕێکخراوی یونسێف ئەو ژن و منداڵانە لە شوێن و زێدی خۆیان جێگیربکەین و لەگەڵ کۆمەڵگە تێکەڵببنەوە جارێکی دیکە، بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەش ئێستا لەلایەن خێزانەکان و کەسوکاری نزیکیانەوە چاودێری دەکرێن، نزیکەی 50 منداڵیشیان لەلایەن دامەزراوەیەکی خێرخوازییەوە لە دهۆک چاودێری دەکرێن”.

ئەو بەرپرسە عێراقییە دەڵێت، ئەو 50 منداڵە کەسوکارە یەکەمینەکانیان لەلایەن داعشەوە لەکاتی کۆنترۆڵکردنی شەنگالدا کوژراون و ئێستا لەلایەن ئەو دامەزراوە خێرخوازییەوە چاودێری دەکرێن.

لەبارەی ئەو ژنە ئێزدییانەی لەدەستی داعش ڕزگارییانبووە، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاندووە، “ئەو ژنە ئێزدییانەی لەدەستی داعش ڕزگاریانبووە سێ هەزار و  500 ژنن، بەڵام ئەو ژنە ڕزگاربووانەی کە هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە، ژمارەیان هەزار و 899 ژنن، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ژنە ڕزگاربووەکانی ژێردەستی داعش کۆچیانکردووە بۆ دەرەوەی وڵات”.

سەبارەت بەوانەی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، جەهانگیز وتی، ئەو هاوکارییە تەنها ئەو ژنە ئێزدییە ڕزگاربووانەی دەستی داعش دەگرێتەوە، کە ئێستا لە وڵاتدان.

وتیشی، بڕی پارەکە بە کۆی گشتی 30 ملیۆن دینارە و هەر ژنێکی ڕزگاربوو بڕی دوو ملیۆن دیناری پێدەدرێت.

بابەتی پێشتر

بێهزاد مەحمودی، دوای شەش ڕۆژ لە خۆسوتاندنی گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین نامەیەک بۆ بەرهەم ساڵح دەنێرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share