پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر كوشتنی ئوسامە بن لادن سەرۆكی ڕێكخراوی قاعیدە، ژمارەیەك تۆمەت ئاراستەی شیكەرەوەیەكی پێشووی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریكا دەكرێت بەهۆی هەڵگرتنی هەندێك بەڵگەنامەی نهێنی بەشێوەی نایاسایی كە پەیوەندیدار بووە بە ڕێكخراوەكە و سەرۆكەكەی.
لەم هەفتەیەدا دوو تۆمەت ئاراستەی كندرا كینجسبری كرا پەیوەندیدار بە كۆكردنەوەی زانیاری بەرگری یان گواستنەوە یاخود بێسەروشوێنكردنی، ئەمەش تاوانێكە و سزاكەی دەگاتە 10 ساڵ.
بەڵگەنامەكان نامەی ناوخۆیی دەربارەی یاریدەدەرێكی گومانلێكراوی بن لادن لە ئەفریقاش لەخۆدەگرێت بەپێی ئەو لیستی تۆمەتەی ئاراستەی بەرپرسەكە كراوە.
دۆسیەكان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی 2005 و 2006 ئەوكاتەی بن لادن، پلانداڕێژەری سەرەكی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، لە ژیاندا بووە و خۆی لە هێزەكانی ئەمریكا شاردبوەوە.
داواكارانی گشتیی ئاماژەیان بە هۆكاری ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كینجسبری نەكردووە، بەڵام ئاشكرایانكرد كە وردبینییان تیاكردووە وەك بەشێك لە كارەكانیان بۆ تاوتوێكردنی “هەڕەشە ناوخۆییەكان” لەنێو نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی.
بڕیارە كینجسبری لە 1ی حوزەیرانی داهاتوو لە بەردەم دادگا ئامادەبكرێت.
شیكەرەوە و بەرپرسەكەی پێشوو (تەمەن 48 ساڵ) كە لەدایكبوونی دۆدج سیتی-یە لە ویلایەتی كانساس، تۆمەتبارە بە بردنی كۆمەڵێك سەرچاوە لەنێوان ساڵانی 2004 و 2017، كە زۆرێكیان بە نهێنی ناوبراوە بەهۆی ئەوەی سەرچاوە و هۆكارەكانی هەواڵگری و هەڕەشەكان و كاروبارە زۆر هەستیارەكان لە خۆدەگرن.
بۆردومانێكی ئاسمانی و هێرشی هێزەكانی ئەمریكا كە لە 2ی ئایاری 2011 كۆمەڵگایەكی نیشتەجێبوونی لە شاری ئابوت گرتەوە، بووە هۆی كوشتنی ئوسامە بن لادن كە سەركردەكەی پێشووی قاعیدە لە دووری تەنها 50 كیلۆمەتر لە ئیسلام ئاباد-ی پایتەختی پاكستان بە ئازادی ژیانی تیادەگوزەراند.
س: ئەلعەرەبییە + ئیلاف