كۆمپانیای “ئەپڵ” ئامێرە نوێییەكەی ئایفۆن-ی نمایشكرد كە نەوەی 12ـیەمینە و بە چوار جۆر دروستكراوە، ئەوانیش ئایفۆن 12 و 12ی پرۆ و پرۆماكس و مینی-ـن.
ئایفۆنی 12 كۆمەڵێك تایبەتمەندیی نوێ لەخۆدەگرێت، سەرەكیترینیان ئەوەیە بە تەكنۆلۆژیای 5G كاردەكات، ئەوەش بە گوتەی پسپۆڕان، دەبێتە هۆی سەركەوتنی ئامێرەكە لە ئەمریكا دا، چونكە وەكخۆیان دەڵێن، “هێشتا ڕێژەی 1%ی ئەمریكییەكان، مۆبایلی پشتبەستوو بە تەكنەلۆژیای 5G بەكاردەهێنن.
ئامێرە نوێیەكەی ئەپڵ چوارچێوەیەكی ئەلۆمینیۆمیی هەیە و ڕووكاری دەرەوەی بە مەوادی سیرامیكی ڕووپۆشكراوە بۆ ئەوەی بەهێزتری بكات. شاشەی ئامێرەكە لە شووشەی جۆری (oleophobic) دروستكراوە و دژەئاوە و خۆڵ و تۆز لەخۆناگرێت و لە توانایدایە تا قووڵایی چوار مەتر و بۆ ماوەی 30 خوولەك لەژێر ئاودا بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی ئاوی تێبچێت. ئامێرەكە دەبڵ كامێرایە و ئایفۆن 12 پرۆماكس كە نرخەكەی له 1099 دۆلارهوه دهستپێدهكات و دەگاتە 1450 دۆلاری ئەمریكی، خاوهنی باشترین كامێرایه.
لە هەواڵێكیشدا ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی بڵاویكردەوە، “كامێرای ئایفۆنە نوێیەكە توانای 30 جار زوومكردنی هەیە و ئەوەش سێ هێندەی توانای زوومكردنی كامێرای ئامێری پێشووی ئایفۆنە. ئاشكراشیكردووە كە كۆمپانیای “ئەپڵ” لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ كۆمپانیایەكی نزیك لە “سامسۆنگ” و كۆمپانیایەكی چینی دا ڕێككەوتووە بۆ كاركردن بە مەبەستی پەرەپێدانی كامێرای ئایفۆنە نوێیەكەی.
ئایفۆن 12 قەبارەی شاشەكەی 6.4 ئینچە و كوالیتییەكەی (2688×1242)ـەیە، لەكاتێكدا “Mini 12” قەبارەی شاشەكەی 5.4 ئینچە و هەمان تایبەتمەندییەكانی ئایفۆن 12ی هەیە.
لەبارەی وادەی خستنەبازاڕی ئامێرە نوێیەكانی ئایفۆن، كۆمپانیای ئەپڵ ئاشكرایكرد، هەردوو ئامێری ئایفۆن 12 و 12ی پرۆ، لە 16 تشرینی یهكهمدا دهرگای كڕینی پێشوهختهیان دهكرێتهوه و لە 23ی تشرینی یهكهمدا دهخرێنه بازاڕهوه. هەردوو ئامێری پرۆماكس و مینی له 6ی تشرینی دووهمی داهاتوودا بۆ كڕیاران بهردهست دهبن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كۆمپانیای “ئەپڵ” ئاشكرایكردبوو، یەكێك لە ئاپڵیكەیشنەكانی ئەپڵ پەیتێنت لە پلانیدا هەیە مۆبایلێکی زیرەک بەرهەمبهێنن، كە توانای نوشتانەوەی هەبێت و لە ئەگەری شكانی شاشەكەیدا خۆی چاكبێتەوە بەبێ ئەوەی خاوەنی مۆبایلەکە هیچ کارێک لەو بارەیەوە بکات و بیگۆڕێت، بەڵکو ئۆتۆماتیکی شاشەکە خۆی چاکدەبێتەوە.