بافڵ تاڵەبانی و جینین پلاسخارت پرسی پەیوەندیی لایەنەکان و هەڵبژاردنیان تاوتوێکرد

ئێوارەی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و لەدیدارێکدا گفتوگۆ لە‌بارە‌ی دۆخی ھەرێم و عێراق، پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ھاوڕابوون لە خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی گرژی و ناکۆکییەکان و رەخساندنی زەمینەی دیالۆگی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی ھاوبەش کە سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.

بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی و خواستی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی حکومڕانی لە ھەرێم و یەکخستنی ھێز و تواناکان دووپاتکردەوە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر ئەو پرسانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە، ئەو ھەنگاوەشی گەڕاندەوە بۆ دروستکردنەوەی متمانە و ھاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینە لە بڕیاردان و ئیدارەدان و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ھەرێم، کە ئەمە خواستی ئەمڕۆی کۆمەڵانی خەڵکە.

ھەر لە دیدارەکەدا پرسی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان گفتوگۆی لەبارەوەکرا و  ھاوسەرۆک ڕوونیکردەوە، یەکێتی لەگەڵ ئازادیی رادەربڕین و پاراستنی بنەماکانی ئازادی و کەلتووری یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە.

ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، کە ھەردوولا جەختیانکردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، دووربێت لە دەستێوەردان و لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆڵی چاودێر ببینێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

روونكردنەوە لەبارەی وەرگرتنی پارە لە كەسوكاری خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێندندا دەدرێت

جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان روونكردنەوە لەبارەی وەرگرتنی پارە لە كەسوكاری خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێندن بە مەبەستی…
Total
0
Share