فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی ئیدارەی خۆسەر و خۆپیشاندان و ناڕەزایی چەند ڕۆژی ڕابردووی هاوڵاتیان لەسەر بڕیارەکە، ئاماژەی ئەوەیە ئیدارەی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمایەکی دروست هەنگاو دەنێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموركرات لە تویتێكدا لەهەژماری خۆی نوسیویەتی، “كاردانەوە بونیادنەرەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئیدارەی خۆسەر و هاوڵاتیان، ئاماژەن بۆ ئەوەی لەسەر ڕێگە ڕاستەكەین بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی باشتر”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “لەهەوڵەکانی ئیدارەی خۆسەری تێدەگەین لە گۆڕینی پشتیوانییەكان بۆ خزومەتگوزارییەكانی کارەبا، ئاو، خوێندن و تەندروستی، بەڵام دەبێت شەفافیەتی تەواو هەبێت لە دەركردنی بڕیارەکان و گفتوگۆكردن لەسەریان”.
دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیان لە چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان، بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنی ئیدارەی خۆسەر بڕیارەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە، كە پێشتر بڕیاری بەرزكردنەوەی دابوو.