پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕەوشی كورد لە توركیا نیگەرانە

خۆپیشاندانێكی پشتیوانی لە چالاكوانانی ژن لە دیاربەكر فۆتۆ: ئەرشیف

پەرلەمانی ئەوروپا ڕاپۆرتێك دەربارەی توركیا بڵاودەكاتەوە، لە پێشێلكردنی مافەكانی كورد لەو وڵاتە نیگەرانە، داواش لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا دەكات گروپی “گورگە بۆرەكان” بخەنە لیستی تیرۆرەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاپۆرتێكی 26 لاپەڕەیی لەبارەی توركیاوە بڵاوكردەوە، كە 80 خاڵی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، تیایدا ڕەخنە لە دۆخی دیموكراسیی وڵاتەكە و پێشێلی مافەكانی مرۆڤ دەگرێت، چەند داواكارییەكیش ئاراستەی بەرپرسانی ئەنقەرە و وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا دەكات.

دەربارەی پرسی كورد، لە بەشێكی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، هەست بە نیگەرانی دەكات دەربارەی دۆخی باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا و بەتایبەت كورد، كە “پەیوەند بە پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ و بەشداریی سیاسی و ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادی بیروباوەڕەوە، گرنگییەكی كەمتر لەوەی شایەنیەتی، پێدەدرێت”.

پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕاپۆرتەكەیدا هەست بە نیگەرانی دەكات دەربارەی ئەو كۆتوبەندانەی لەلایەن بەرپرسانی ئەنقەرەوە بۆسەر مافی ڕۆژنامەنووسان و مافەكانی (پارێزەران لە پرسی كورد) هەیە، سەرەڕای ئەو فشارە بەردەوامانەی لەسەر میدیای كوردی و دامەزراوە ڕۆشنبیری و زمانەوانییەكان لە سەرتاسەری وڵات هەیە، جگە لە نیگەرانی دەربارەی گوتاری ڕق و هەڕەشەی دژ بە هاوڵاتیانی كورد، كە بە سەرچاوەی “كێشەی مەترسیدار” ناویدەبات.

پەرلەمانی ئەوروپا جەختیشدەكاتەوە لەسەر پێویستی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی متمانەپێكراو، كە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لەخۆبگرێت و ببێتە هۆی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كورد.

سەبارەت بە دۆخی ژنانیش، ڕاپۆرتەكە ئاماژە بە نیگەرانی لەبارەی بێبەشبوونی ژنانی كورد بەهۆی كەڵەكەبوونی هاندان دژ بە ناسنامەی نەتەوەیی و زمانەوانییان دەكات، كە بووەتە هۆی زیاتر پەراوێزخستیان لە پرسی پەیوەندیدار بە مافە مەدەنی و سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیرییەكانەوە، داواش لە توركیا دەكات زامنی گەیشتن بە مافەكان و فەراهەمكردنی هەلی یەكسان بۆ ژنانی كورد بكات.

هەروەك داواش لە ئەنقەرە دەكات لێكۆڵینەوەی بەپەلە لەو “دەنگۆ مەترسیدارانە بكات، كە پەیوەندیدارە بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و كوشتن و بێسەروشوێنكردنی ناچارانە”، ڕێگەش بە چاودێرانی نێودەوڵەتی بدات چاودێریی سەربەخۆ ئەنجامبدەن.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیدا پەرلەمانی ئەوروپا باس لە گروپی (گورگە بۆرەكان) دەكات و بە نزیك لە پارتی هاوپەیمانی دەسەڵات (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی -مەهەپە) ناویدەبات، داوا لە یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی دەكات دانانی گروپەكە لە لیستی تیرۆری یەكێتییەكە تاوتوێبكەن، بەمەبەستی قەدەغەكردنی چالاكی و كۆبوونەوەكانیان لە وڵاتانی ئەوروپا و بوونی گروپەكەش بە هەڕەشە بۆ سەر كەسانی كورد، ئەرمینی، یۆنانی و هەر كەسێك، كە بە دوژمن ناویدەبەن، دادەنێت.

بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتەكە بە زمانی ئینگلیزی كلیك لێرە بكە.

بابەتی پێشتر

ستافی پزیشکی مارادۆنا سزای زیندانی هەمیشەیی دەدرێن

بابەتی دواتر

مەزڵوم عەبدی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنی دڵخۆشە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share