دادگایەكی كەنەدا عێراقییەك بە ڕفاندنی كچێكی خۆی تۆمەتباردەكات

بڕیارە بڕیاری كۆتایی دەرهەق بە عەزاوی لە تشرینی یەكەمی داهاتوو بدرێت

دادگایەكی كەنەدی هاوڵاتییەكی عێراقی بە تۆمەتی ڕفاندنی كچەكەی خۆی تۆمەتباركرد، دوای گەڕاندنەوەی كچەكەی بۆ عێراق و جێهێشتنی.

زەهرا تەمەن 10 ساڵان بووە كاتێك لەگەڵ عەلی عەزاوی (39 ساڵ)ی باوكیدا بەر لە سێ ساڵ گەشتێكیان ئەنجامدا كە بڕیاربوو بەرەو میسر بێت بەبۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی، بەڵام لەجیاتی ئەوە عەزاوی كچەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ عێراق و لەنێو كەسوكارەكەی جێیهێشتووە تا لە قوتابخانە بخوێنێت، بەهۆی ئەوەی ویستوویەتی “بە بەها و كلتوری كۆمەڵگای عێراقی ئاشنابێت”، وەك ئەوەی لە بەڵگەنامەكانی دادگادا هاتووە.

عەزاوی دوو هاوسەر و كوڕێكی تەمەن 20 ساڵی لە عێراق هەیە.

بڕیارە بڕیاری كۆتایی دەرهەق بە عەزاوی لە تشرینی یەكەمی داهاتوو بدرێت و، ئەگەری هەیە ڕوبەڕووی سزای 10 ساڵ زیندانی ببێتەوە، وەك ئەوەی تۆڕی (سی بی سی) بڵاویكردووەتەوە.

لە ئەیلولی ڕابردوو كچەكەی ڕەتیكردەوە لەلایەن باوكییەوە ڕفێندرابێت، یان لەژێر فشاردا لە عێراق مابێتەوە.

زەهرا، لە وتەیەكدا كە لەڕێی تۆماری ڤیدیۆییەوە لە ماڵەكەی لە بەغداد پێشكەشیكرد، باسی لەوەكرد كە خۆی بڕیاری مانەوەی لە عێراق داوە، سەرەڕای سووربوونی باوكی و ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی بۆ گەڕانەوە بۆ كەنەدا.

بەڵام وتەكانی پێچەوانە بووە لەگەڵ ئەو نامەیەی بۆ زەینەب مەهدی-ی دایكی ناردویەتی و تیایدا دەڵێت، مانەوەی لە عێراق لەسەر بژاردەی باوكی بووە و، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ كەنەدا.

زەینەب لە ساڵی 2017ەوە لە عەزاوی جیابووەتەوە، پاش ئەوەی ڕایگەیاندبوو كە هاوسەرەكەی لەڕووی جەستەیی و دەروونی لەگەڵیدا خراپە و داوای لە دادگا كردبوو پارێزگاری لێبكات و بڕیاری دادگایشی بۆ بەخێوكردنی كچەكەی بەدەستهێنا.

بەڵام دوای ساڵێك باوكی داوایكردووە كچەكەی بۆ گەشتێك بەرەو میسر لەگەڵ خۆی ببات، لە ماوەی نێوان 16ی تەمموز تا 5ی ئەیلول، دایكەكەش بەڵگەنامەیەكی ڕێگەپێدانی بۆ ئەو گەشتەی واژووكرد.

بەڵام لە 5ی ئەیلول زەهرا نەگەڕایەوە بۆ كەنەدا، دایكی ئەوكات پێیزانی كە كچەكەی لە میسر نییە، بەڵكو لە عێراق دەستبەسەركراوە، بۆیە داوایەكی پێشكەشی دادگا كرد بۆ گەڕاندنەوەی كچەكەی، بەڵام لەوكاتەوە سەرجەم هەوڵە دیبلۆماسی و یاساییەكان شكستیان هێنا.

لە نیسانی 2019، باوكەكە بەبێ كچەكەی گەڕایەوە كەنەدا، لە فڕۆكەخانەی تۆرینتۆ بیرسۆن دەستبەسەركرا، ئەو بە پارێزەرەكانی وت كە كچەكەی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ كەنەدا و ئەویش ناتوانێت ناچار بە گەڕانەوەی بكات.

بابەتی پێشتر

جوتیاران زیاتر لەیەك ملیۆن تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆكان كردووە

بابەتی دواتر

مانگی ڕابردوو لە سلێمانی 66 كەس بە ڕوداوی جیاجیا گیانیان لەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share