سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێم بەڵێندراوە کە موچە نەدراوەکانی ئەمساڵ بدرێتەوە.
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندووین بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەمانە ئەو ئەرکە داراییەی لەسەریانە بۆمان بنێرین ئەم دوو موچەی لەمساڵدا نەدراوە بۆ فەرمانبەران قەرەبوو دەکرێتەوە”.
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ، ئاشکرایکرد، “وەزیری دارایی بەڵێنداوە کە ئەو لێبڕینەی لە دوو موچەی ئەمساڵ و ئەم موچەیەی بەم نزیکانە دێت ببێتە پابەندبوونێکی دارایی بەسەر حکومەتی هەرێمەوە و بە میکانزمێک بدرێتەوە بە فەرمانبەران”.
حکومەتی هەرێم تا ئێستاش شێوازی گەڕاندنەوەی ئەو چەند موچەیەی لە مانگی نیسانەوە بۆ ئەیلول بۆ فەرمانبەران ئاشکرا نەکردووە و تەنها بەڵێنداوە ئەم موچانە ببنە پابەندبوونێکی دارایی لای حکومەتی هەرێم.