فراكسیۆنی یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە سەرۆکی حکومەت داوای گەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی کردبێت

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە مەسرور بارزانی داوای لە تیمی یەكێتی لە حكومەت كردبێت داهاتی سلێمانی بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، وەك ئەوەی پەرلەمانتارێكی پارتی باسیلێوەكردووە.

پێشتر ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسینی پارتی ڕایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە تیمی یەکێتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، داهاتەکانی سلێمانی بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشکرایکرد، شەوی ڕابردوو پەیوەندیی بە تیمی یەکێتییەوە كردووە لە ئەنجومەنی وەزیران، تەئکیدیان کردووەتەوە لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا دوور و نزیک بابەتێکی وا باسنەکراوە.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، “تیمی یەکێتیی لە ئەنجومەنی وەزیران پێیانڕاگەیاندین ئەو بابەتە قسەیەکی نابەرپرسانەیە و دوورە لە ڕاستی و ئەتەکێتی کاری پەرلەمانییەوە‌، ڕوونیشە‌ ئامانج لە ھەڵبەستنی ئەو درۆیە  چەواشەکردنی ڕای گشتییە، بەڵام سەرەنجام خۆیان شەرمەزاردەبن”.

لوقمان وەردی ڕایگەیاندووە، “تیمی یەکێتی بەردەوام جەخت لە گێڕانەوەی تەواوی داھاتەکان دەکەنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، لەپێش ھەموویانەوە داھاتی نەوت، چونکە ئاشکرایە ئەوەی جێی گومانی ھاوڵاتییانە و ناشەفافە و بەھەدەردانی گەورەی تێدایە، داھاتی نەوتە، کە بەتەواوی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی”.

جەختیشیکردووەتەوە، “لەڕێگەی ھەردوو  بەڕێزان دکتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان و خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەکانی ھەرێم و بە‌غدا، پەیوەندی کراوە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی تیمی وەزاریی بزوتنەوەی گۆران لە حکومەتی ھەرێم، بەڕێزیان ڕەتیانکردوەتەوە هیچ وەزیرێکی بزوتنەوەی گۆڕان قسەی وای کردبێت”.

لە ڕاگەیەندراوی ئەو پەرلەمانتارەدا هاتووە، “تیمی وەزاریی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم  وەک ھەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی ماف و داخوازییەکانی ھاوڵاتیانن و لێبڕاوانە ھەوڵدەدەن بۆ چاکسازی و زیادکردن و ھەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی داھات، بەئامانجی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان و کۆتاییھێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران”.

بابەتی پێشتر

شەوی ڕابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئامەد

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: دەبێت پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share