وەزارەتی تەندروستی لەبارەی بەزۆر هێشتنەوەی نەخۆشێكی هەولێر لە نەخۆشخانە، ڕوونكردنەوە دەدات

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو نەخۆشە بڵاوکردەوە، کە لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری هەولێردا بەزۆر هێڵراوەتەوە، جەخت لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر نەخۆش دەکاتەوە.

میدیاکانی هەرێمی کوردستان هەواڵی مانەوە و ڕاگیرانی ژنێکی نەخۆشیان لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری هەولێر بڵاوکردەوە، کە بەهۆی بوونی کێشە لە دابینکردنی پارەی پێویست لەلایەن نەخۆشەکەوە لەبەرامبەر نەشتەرگەری و مانەوەی لەو نەخۆشخانەیە، نزیکەی مانگ و نیوێکە لە نەخۆشخانەکە ڕێگەنادەن بڕواتە دەرەوە.

لەوبارەیەوە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لەسەر ئەو کێشەیە بە بڕیاری وەزیری تەندروستی، لێژنەكانی پشكنین و بەدواداچوون سەردانی ئەو نەخۆشەیان كردووە و “بەدواداچوونی وردەكاری كێشەكە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هۆکار یان هەر پێشێلکارییەکی مافی نەخۆش”.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی، “لە هەر کەمتەرخەمی و سەرپێچییەک ڕێكاری پێویست دەگیرێتەبەر و ڕای گشتیی لێ ئاگاداردەكرێتەوە”.

وەزارەتی تەندروستی داواش لە هاوڵاتییان دەکات، بۆ هەر گلەیی و داواکاری و سکاڵا و پێشنیارێک، وەزارەتی تەندروستی ئاگاداربکەنەوە لەڕێگەی سندوقەکانی سکاڵا لە هەر نەخۆشخانەیەک، یان لەڕێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارەی هێڵەکانی گەرم بۆ بەدواداچوون و پشکنین بەم ژمارانە ٠٧٥٠٨١٦٩٩٩ ، ٠٧٧١٤٤٤٨١٠.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سوودە پێشبینى نەکراوەکانى وەرزش بۆ نەخۆشانى شێرپەنجە ئاشکرادەکرێت

گەورەترین توێژینەوەى پێداچوونەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەى ئەنجامدانى وەرزش بەشێوەیەکى رێکخراو رەنگە ببێتە هۆى کەمکردنەوەى لێکەوتە نەرێنییەکانى چارەسەر جۆراوجۆرەکانى…
زیاتر ببینە

پەیوەندیی هاوسەرگیریی ناجێگیر %50 مەترسییەکانی نەخۆشیی دڵ زیاتر دەکات

توێژینەوەیەکی نوێ کاریگەرییەکانی ژیانی هاوسەرگیری لەسەر تەندروستیی دڵ دەردەخات، بەپێی توێژینەوەکە ئەوانەی دڵخۆش نین لە پەیوەندییە هاوسەرگیرییەکانیاندا زیاتر…
Total
0
Share