وەزیری شەهیدان: موچەی هەرکەس شایستە نەبێت دەیبڕین

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی دووەمی چاكسازی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێكرد، سەبارەت بە هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتەکەیدا ڕایگەیاند، پرۆسەکە بە هێواشی و وردبینییەکی تەواو بەردەوامە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان، عەبدوڵا حاجی مەحمود ڕایگەیاند، ئەو دۆسێیانەی لە یاسای چاکسازیدا پەیوەستە بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، کارکردن لەسەریان بەردەوامە و هەنگاوەکان بەپێی دۆسیەکان دەگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەکرد، “هەندێک لە دۆسییەکان پێویستییان بە وردبینیی زیاتر هەیە، بۆیە دەبێت بە هێواشی کاریان تێدابکرێت، هەرکەسێک لە وەزارەتەکەمان غەدری لێکرابێت، مافی بۆ دەگەڕێنرێتەوە و هیچ کەسێک مافخوراو نابێت”.

وەزیری شەهیدان وتیشی، هەرکەسێک لە وەزارەتی شەهیدان پێویستبێت ڕێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر، بەپێی یاسای چاکسازی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەپێی شایستەیی، ماف بۆ ئەوانە دەگەڕێنرێتەوە کە کێشە لە موچەکانیاندا نییە.

سەبارەت بە ژمارە و داتای ئەو کەسانەی بە نایاسایی لە وەزارەتەکەیان موچە وەردەگرن، عەبدوڵا حاجی محمود وتی، “داتا و ژمارەی تەواومان لەبەردەستدایە سەبارەت بەوانەی موچە بە نایاسایی وەردەگرن و ئەوەی شایستە نەبێت دەسڕێتەوە”.

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان باسی لە گواستنەوەی دۆسیەکانی شەهیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێسمەرگە کرد و ڕایگەیاند، دۆسیەکان تەواوبوون و لە ڕۆژنامەی وەقائیعیش بڵاوکراونەتەوە، لە هەفتەی داهاتوودا سەرجەم شەهیدانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەخرێنە سەر وەزارەتی شەهیدان.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی هەنگاوەكانی دوای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە تاوتوێدەكات

بابەتی دواتر

هەپەگە ئەردۆغان بەدرۆدەخاتەوە و كوژرانی سەركردەیەكی ڕەتدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share