قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێك بۆ پاراستنی چیاكانی ئەزمڕ و گۆیژە دەردەكات

قائیمقامی سلێمانی: ھەر کەسێک پابەندنەبێت ڕوبەرووی ڕێکار و سزای یاسایی دەکرێتەوە

لە سلێمانی چەند ڕێوشوێنێك بۆ پاراستنی هەردوو چیای ئەزمڕ و گۆیژە لە ئەگەری سوتان و زیانگەیاندن بە ژینگە و سروشتی ناوچەکە دەگیرێتەبەر، قائیمقامی شارەکەش دەڵێت، ھەر کەسێک پابەندنەبێت ڕوبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بەھەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکان لە سلێمانی، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەری 800 دۆنم زەوی سەوزکراوە و نزیکەی 100 ھەزار نەمام لە چیاکە ڕوێنراوە، ئەمە جگە لەو ھەزاران دارەی خۆیان لە چیاکەدا ھەن.

ئەو وتەیەی قائیمقامی سلێمانی لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان، بە ئامانجی پاراستنی هەردوو چیاكە لە ئەگەری سوتان و زیانگەیاندن پێیان.

لە کۆبوونەوەکەدا دوای ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی بژاردەکان بۆ پاراستنی چیاکە، بڕیاری جێبەجێکردنی چەند ڕێوشوێنێك درا و قائیمقامی سلێمانیش ڕایگەیاند، ھەر کەسێک پابەندنەبێت ڕوبەڕووی ڕێکار و سزای یاسایی دەکرێتەوە.

دەقی بڕیارەكان:
١. لەزووترین کاتدا دەستدەکرێت بە ئاگربڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندن بە دار و ژینگەی چیاکە.
٢. کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی ڕێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان ھەبێت و پابەنددەکرێن بە مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن.
٣. مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.
٤. ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٥. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ ڕێگری لە سوتانی چیاکە و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە.
٦. تیمی ھێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتوچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.
٧. داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین لە بڵاوکردنەوەی ھەڵمەتێکی فراوانی ھۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی ھاوکارمان بن.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كچێك بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی زەرەنگەرێك لە ڕانیە دەستگیركرا

پۆلیسی ڕاپەرین ڕایدەگەیەنێت، كچێك دوای ئەوەی زەرەنگەرێك هەڵدەخەڵەتێنێت، لەلایەن هێزەكانیاوە دەستگیركراوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویكردەوە، لە بەرواری 13ی…
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی: بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکمان پێنەگەیشتووە

بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکمان پێنەگەیشتووە. ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری…
Total
0
Share