ڤیدیۆ.. لەسەر سنوور ئێرانییەکان وەک یاری تێنس تەماشای شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکەن

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕۆژانە خەڵکانێک هەن لە سنوورەکانی ئێران و ئەرمینیا یان قەرەباخ دەچن بۆ تەماشاكردنی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئەوان وەک چۆن سەیری یارییەکی تێنس بکەن هێرش و وەڵامدانەوەی هەردوو وڵات سەیر دەکەن و بەشێکیان پێدەکەنن.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سەیرکردنی شەڕەکە وەک کارێک کە چێژی لێببینرێت لەلایەن بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە لە ئێران ڕەخنەی لێگیرا، کە ئەو خەڵکەی لەسەر سنوور تەماشای شەڕەکە دەكەن چێژ لە ماڵوێرانیی خەڵکانێک دەبینن کە لەناو ئاگری شەڕەکەدان.

ئەوانەی دەچنە سەر سنوور تەنها گەورەکان نین و بەڵکو منداڵ و گەنج و پیریشیان تێدایە و لەسەر ئەو پرسەش ڕەخنەی توند ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکانی سنووری ئێران و ئەو دوو وڵاتە گیراوە کە بۆچی ڕێگە بە خەڵکی دەدەن خۆیان و منداڵەکانیان بچن بۆ سەیری شەڕێکی گەورەی دوو وڵات و چێژی لێببینن.

گوندە تورک نشینەکانی سنووری هەرێمی قەرەباغ لەناو خاکی ئێراندا، لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا هەمیشە پریشکێکی ئاگری شەڕیان بەردەکەوێت و جار بە جار موشەکێک یان گولە هاوەنێک بەر سنووری ئەوان دەکەوێت، تا ئێستا چەندین کەسی دانیشتووی ناو خاکی ئێران لەم شەڕەدا بریندار بوون.

سەرەڕای ئەوەی چوار ڕۆژە ئاگربەست لە هەرێمی قەرەباغ بە نێوەندگیری ڕوسیا ڕاگەیەنراوە، کەچی هێشتاش ئازەربایجان و ئەرمینیا یەکدی تۆمەتبار دەکەن بەوەی پابەندنەبوون بە ئاگربەستەوە و بەردەوامن لە بۆردومان.

لەدوای ئاشکراکردنی ڕاپۆرتی هەردوولا لەبارەی زیانەکانی شەڕ لە دوای ئاگربەستەوە ڕوسیا و یەکێتیی ئەوروپا بە فەرمی داوایان لە هەردوو لایەن کرد کە پەیوەستبن بە بەڵێنەکەیانەوە کە ئاگربەستە.

بابەتی پێشتر

هاوردەکردنی سوتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیە بە گوژمەی 10ملیار دینار دادەنرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share