ئەرشیڤی ئیسرائیل بەڵگەنامەكانی شەڕی ئۆكتۆبەری 1973 بڵاودەكاتەوە

موشیە دایان، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەلای چەپ و ئەریێل شارۆن، فەرماندەی فیرقەی 143ی ئیسرائیل بە برینداری

ئەرشیڤی ئیسرائیل پرۆتۆكۆڵ و بەڵگەنامەی جۆراوجۆر بڵاودەكاتەوە كە پەردە لەسەر ڕووداوەكانی بەر لە شەڕی ئۆكتۆبەری 1973 و ماوەی شەڕەكە هەڵدەدەنەوە، لە 48ـەمین ساڵیادیدا.

نووسینگەی نەفتالی بینیت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 48 ساڵ بەسەر جەنگی 1973 (جەنگی 6ی ئۆكتۆبەری 1973 لەنێوان میسر و سوریا لەلایەك و ئیسرائیل لەلایەكی دیكە)وە، ئەرشیڤی دەوڵەت سەر بە نووسینگەی سەرۆك وەزیران بەڵگەنامەی نوێ تایبەت بە جەنگەكە بڵاودەكاتەوە.

بەڵگەنامەكان كە 1292 پەڕە لەخۆدەگرن لە یەكێكیاندا هاتووە، بەر لە هەڵگیرسانی جەنگ بە نزیكەی 10 مانگ، دانیشتنێكی تایبەت بە ئامادەبوونی سەركردە سیاسی و ئەمنییەكانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری لەلایەن ئیسرائیلەوە دەربارەی نیازی میسر بۆ ئەنجامدانی شەڕ لەدژی، ئەو زانیارییەش لە ئەشرەف مەروان، ڕاوێژكاری نزیكی محەمەد ئەنوەر سادات، سەرۆكی ئەوكاتی میسرەوە بووە (كە زاوای جەمال عەبدولناسر-ی سەرۆكی كۆچكردوو بووە و بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلیییەكان، ناوبراو سیخوڕی سەر بە دەزگای هەواڵگریی دەرەكی “موساد” بووە، لەكاتێكدا بەپێی سەرچاوە میسرییەكان سیخوڕی نێوان هەردوولا بووە و هەماهەنگی لەگەڵ موساد هەبووە).

هەر بەپێی بەڵگەكە، ناكۆكی لەنێوان بەرپرساندا هاتووەتە ئاراوە دەربارەی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ، تسفی زامیر، سەرۆكی ئەوكاتی موساد باوەڕی وابووە كە سادات لەژێر فشاری گەورەدایە، بۆیە ئەستەمە پلانەكەی بزانرێت، بەڵام موشیە دایان، وەزیری بەرگری لەو كاتەدا پێیوابووە میسر جەنگێكی بەرفراوان ئەنجامنادات، بەڵكو شەڕێكی كاتی دەكات.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی دیكە یەكێتیی سۆڤیەت ئامۆژگاریی سادات-یان كردووە بە هەڵبژاردنی 6ی تشرینی یەكەمی 1973 بۆ پەڕینەوە لە نۆكەندی سوێس و هێرشكردنەسەر سوپای ئیسرائیل كە سینا-ی داگیركردووە.

هەر بەپێی بەڵگەكان، قەبارەی پشتیوانیی سۆڤیەت بۆ میسر و سوریا تەنانەت بەر لە جەنگ و لەكاتی جەنگدا زۆر گەورەتر بووە لە ڕادەی پێشبینیكراو.

س: RT+ BBC

بابەتی پێشتر

یایا تۆرێ بۆ به‌رشلۆنه‌: هه‌میشه‌ ده‌رگام کراوه‌یه‌ بۆتان

بابەتی دواتر

لیستی (10) گرانبەهاترین هێرشبەری پریمەرلیگ نوێکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share