بۆ جاری دووەم پەکەکە سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی چەکی ژەهراوی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات و ئەمجارە لە زاری موراد قەریلانەوە ڕایدەگەیەنێت.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، لە ڤیدیۆیەکدا سەبارەت بە ڕەوشی شەڕ لەگەڵ سوپای تورکیا ڕایگەیاند، “سوپای تورکیا لەهەر شوێنێک هەست بە شکان بکات سەنگەرەکانی گەریلا بە چەکی ژەهراوی بۆردومان دەکات”.
قەریلان ئاشکرایکرد، “سوپای تورکیا لە چەندین باڵەوە هێرشی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گەریلا هێناوە و باڵی ئاڤاشین قورسترین شەڕی تێدا دەکرێت و هەر کاتێک سوپای تورکیا بزانێت تێکدەشکێت چەکی ژەهراوی بەکار دەهێنێت”.
پێشتر هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” کوژرانی 7 گەریلای لە ڕوبەڕوبوونەوەکانی ئاڤاشین لە سنوری نێوان هەرێم و تورکیا ڕاگەیاند و وتی، تورکیا لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردومانی گەریلاکانیان کردوون و گازی ژەهراوی بەکارهێناوە”.
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ گەیشتن بە شوێنە هەستیارەکانی گەریلاکانی پەکەکە لە ئاسمان و زەوییەوە بەردەوامی پێدەدرێت و پەکەکەش دەڵێت ڕێگەیان بە پێشرەوی بەرچاوی سوپای تورکیا نەداوە.