دوای هێرشە یەک لە دواییەکەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، پرسی هەماهەنگی و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی لەیەک نزیک کردەوە و وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی لە نێوان هەردولادا.
لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش لە چەند میحوەرێکی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەوان پێشتر هۆشدارییانداوە لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هەردولادا هەیە و داعش سودی لێوەردەگرێت، دوای ئەم نیگەرانییە وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ئامادەیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
فەریق جەبار یاوەر، ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاشکرایکردووە، ” مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران فه‌رمانیداوه به‌جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتننامه‌ى ئه‌منى هاوبه‌شى نێوان فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان وهێزه‌كانى پێشمه‌رگه له‌ناوچه‌ى جێ ناكۆكه‌كان”.
جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ” له‌میان كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردوو گه‌یشتونه‌ته ڕێككه‌وتنى هاوبه‌ش بۆ دروستكردنى بنكه‌ى ناوه‌ندى هه‌ماهه‌نگى ئه‌منى هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌كانى خانه‌قین وكه‌ركوك وموسڵ ومه‌خمور، و ڕێككه‌وتنه‌كان له‌سه‌ر ڕۆشنایی پێشیناره پێشكه‌شكراوه‌كانى كازمى بووه”.
لە دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان، ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییە لە نێوان سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە جێبەجێدەکرێت، کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و قاسم ئه‌عڕه‌جى ڕاوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.