فلیک لەگەڵ فیدراسیۆنی ئەڵمانیا ڕێککەوتووە و یاریزانانی بایرن سوودمەندن

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەگەڵ هانزی دیتەر فلیکی ڕاهێنەری یانەی بایرن میونشن بە ڕێککەوتن گەیشتووە، ڕاهێنەرەکە لەدوای یورۆی 2020 وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا جێگەی یواکیم لۆوڤ دەگرێتەوە.

کەناڵی “سپۆرت 1″ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، فلیک لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا بە ڕێککەوتنی کۆتایی گەیشتووە، بەهۆیەوە لە دوای یورۆی 2020 لە پۆستی ڕاهێنەری پێکهاتەی “دای مانشافت” جێگەی یواکیم لۆوڤ دەگرێتەوە.

بەپێی سەرچاوەکە، بوونی فلیک بە ڕاهێنەری ئەڵمانیا زۆرترین سوودی بۆ یاریزانانی یانەی بایرن میونشن دەبێت، کە تاوەکو ئێستاش لە کارکردن لەگەڵیاندا بەردەوامە.

فلیک لە داهاتوودا بڕیاردەدات پێکهاتەی ئەڵمانیا بە یاریزانانی یانە باڤارییەکە بونیادبنێتەوە، بڕیاریشیداوە هەریەک لە مانوێل نۆیەر، نیکلاس سولی، لیۆن گۆرێتسکا، لیرۆی سانێ، سێرج گنابری، جۆشوا کیمیچ و جەمال موسیالا بانگهێشتی پێکهاتەکانی بکات، هەروەها ئەگەرێکی زۆر هەیە تۆماس مولەر بگەڕێنێتەوە و بەو شێوەیە ڕێژەی یاریزانانی بایرن لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەگەیەنێتە هەشت یاریزان و زیاتر.

فلیک لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 وەک یاریدەدەری یواکیم لۆوڤ لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کاریکردووە، پاشان ڕوویکردووەتە یانەی هۆفنهایم و دواتر لە بایرن وەک یاریدەدەری نیکۆ کۆڤاچ دەستبەکاربووە، دوای بەدەستهێنانی پێگەی ڕاهێنەری سەرەکی توانی شەش نازناوە گەورەکە لە یەک وەرزدا بچنێتەوە.

بابەتی پێشتر

یەک هۆکار نێیماری ناچارکردووە بەرشلۆنە پشتگوێبخات و بۆندەکەی نوێبکاتەوە

بابەتی دواتر

دوای جەژن شاندە تەكنیكییەكەی هەرێم دەچێتە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share