کرێى خوێندنى پارالێڵ و ئێواران بە ڕێژەی 45% کەمکرایەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندنى پارالێڵ و ئێوارانی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی (45%) کەمکردەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەكەم، بە سەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک سەرۆك زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕێوەبراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، کرێى خوێندنى پارالێڵ و ئێواران بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی (45%) کەمبکرێتەوە، بڕیارەکەش خوێندنى دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا دەگرێتەوە.
لەو بارەیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاندووە، “ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێڵ و ئێواران بۆ لەبەرچاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتییانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان دا.”
ئارام محەمەد ئاشكرایكردووە، “لیژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی ئەو خێزانانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن.”
لە هەمان كۆبوونەوەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، بۆ جاری دووەم بڕیاریداوە بە زیادکردنى ڕێژەیەک لە کورسیى خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان و دەڵێت، “ئامانج لەم بڕیارە ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترە بۆ دەرچووانی سەرکەوتووی قۆناغی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکیی درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە بەرژەوەندیی دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی، لەهەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستیی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.”
بابەتی پێشتر

سبەی شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغداد دەكات

بابەتی دواتر

ئاستەنگێكی یاسایی گرفت لەبەردەم هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق دروستدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share