بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت بەهیچ بیانوویەك لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابكەوێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ لۆرد تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆبووەوە و پێكەوە باسیان لە دواپێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ 1ی 3 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، تیشك خرایەسەر كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و جەخت لە گرنگی چارەسەر كردنیان لە رێگای دیالۆگەوە كرایەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەدوایین دەستپێشخەری-دا بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كرد و وتی، “نابێت بەهیچ بیانوویەك لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابكەوێت و ئێمە ئامانجمان ئەوەیە هەڵبژاردنێك بكرێت پاك و بێگەرد بێت و مافی راستەقینەی هەموو پێكهاتەكان پارێزراو بێت”.

سەرۆك بافڵ باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كرد و جەختی كردەوە كە” یەك رێگا هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتییان، ئەوەش رێككەوتنی بنەڕەتییە لەبارەی گرفتە هەڵپەسێردراوەكان كە ماوەیەكی زۆرە هاوڵاتییان بە گشتی باجی ئەو ناكۆكییە دەدەن”.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكە باس لە پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوا هەنگاوەكانی پرۆسەكە كرا، لەو بارەیەوە سەرۆك بافڵ بەوەفدی میوانی وت، “سوپاسی هەماهەنگیتان دەكەین كە هاوكارمان بوون بۆ چاكسازیكردن و رێكخستنەوەی هێزەكانمان، ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە كە ئاسانكاری بكەن لەپێناو جێبەجێكردنی هەموو هەنگاوەكانی پرۆسەكە تاكو ببینە خاوەنی هێزێكی تۆكمەتر و بەتواناتر”.

بابەتی پێشتر

دۆلار بە هەرزانتر لە نرخی بازاڕ دەبێت

بابەتی دواتر

كەركوك.. پیاوێك هاوسەر و منداڵەكانی بە بارمتە دەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share