كۆریای باشوور داوا لە عێراق دەكات لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە لە كەیسی “مردن”ـی بەڕێوبەری كۆمپانیای “دایۆ”ـدا بكات.
هەفتەی رابردوو، تەرمی پارک چوول هۆبا، بەڕێوبەری کۆمپانیای “دایۆ” بۆ ئەندازیاری و بیناسازی كە كۆمپانیایەكی كۆریای باشوورە و بەندەری گەورەی فاو لە بەسڕە دروستدەكات، بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەوانە پۆلیس، وتیان ناوبراو “خۆی كوشتووە.”
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە لە كەیسی “مردن”ی چوول-ـدا بكەن و رایگەیاند، “باڵیۆزخانەی کۆریای باشوور لە بەغداد، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و دادپەروەرانە بکات”.
هەمان ئەو ڕۆژەی هەواڵی “خۆكوشتن”ـی بەڕێوبەری كۆمپانیا كۆرییەكە بڵاوكرایەوە، چەندین كەس و لایەنی عێراقی لەوانە حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتار و چاودێرێك، گومانیان لە ڕوداوەكە كرد و ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد كە “پێدەچێت ڕوداوەكە تاوانكاری و كوشتنی بە ئەنقەست بووبێت، نەوەك خۆكوشتن.”
دوابەدوای ئەو لێدوان و ڕاگەیاندراو و گومانكردنانە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە.
ئەمڕۆ دووشەممە كە هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور دا، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی خزمەتگوزارییەكانی پەرلەماندا، لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ چاودێریكردنی لێكۆڵینەوەكان لە كوشتنی بەڕێوبەری كۆمپانیا كۆرییەكە و ڕێگرییكردن لە دەستێوەردانی دەرەكی لە ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان.”