وەزیری پلاندانان داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات پرۆژەكانیان لەدەرەوەی كامپەكانیش جێبەجێبكەن

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لێپرسراوی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، وەزیری پلاندانان داوای كرد، پرۆژه ‌و به‌رنامه‌كانی نەتەوەیەكگرتووەكان فراوانتر بكرێن بەتایبەت له‌ ده‌ره‌وه‌ى كامپه‌كان بۆ ئەوەی دانیشتووانى هه‌رێم سوودى لێوه‌ربگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەكەم، وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ لێپرسراوى UNHCR له‌ عێراق كۆبووەوە، لە ڕاگەیەندراوی كرۆبوونەوەكەدا هاتووە، “دارا ڕه‌شید، وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ فیلیپا كاندلەر، لێپرسراوى ئاژانسی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە كاروباری پەنابەران له‌ عێراق كۆبووەوە، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ باس له‌ كاره‌كانى ڕێكخراوى ناوبراو كراوە له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت كاركردنیان له‌ كامپه‌كان و هاوكارىكردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران”.

ئاماژە بەوەشكراوە، وه‌زیرى پلاندانان وێڕاى ده‌ستخۆشى، داواشى كردووە پرۆژه ‌و به‌رنامه‌كانی UNHCR فراوانتر بكرێن، به‌تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ى كامپه‌كان بۆ ئەوەی دانیشتووانى سنوورى پارێزگاكانى هه‌رێم سوودى لێوه‌ربگرن.

له‌به‌شێكى دیكەی كۆبوونه‌وه‌كەدا‌ ڕێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدادیان به ‌”گرنگ” ناوبردووە، بۆ ئاسایىكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و ناوچه‌كانى تر كه‌ هۆكارده‌بێت بۆ دووباره‌ گەڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانى خۆیان و دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانیان كه ‌به‌هۆى شەڕى داعش و توندوتیژى ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه.

وه‌زیرى پلاندانان به شاندی نەتەوەیەكگرتووەكانی ڕاگه‌یاندووە، “هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وامن‌ بۆ دابینكردن و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى له‌كامپه‌كان كه ‌له‌سه‌ره‌تای ئالۆزییه‌كان و هاتنى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان له ‌سوریا و ناوچه‌كانى ترى عێراق بۆ هه‌رێم درێغى نه‌كردووه”.

لە‌به‌رامبه‌ردا لێپرسراوى UNHCR له ‌عێراق ستایشى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و دانیشتووانى هه‌رێمى كوردستانى كردووە بۆ پاڵپشتىكردن و دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ خاكى هه‌رێمى كوردستان.

 

بابەتی پێشتر

لە هەنگاوی یەكەمدا زیاتر لە 100 هەزار نەمام لە شاخی گۆیژە دەڕوێنرێت

بابەتی دواتر

یۆنان: توركیا تێكدەری ئاشتییە لە ناوچەكەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share