ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی گەنجێکی دانیشتووی قەزای چۆمان، سەردانی کوێستانەکانی بەردەبووکی کردبوو لەو ناوچەیە، مینێکی پێدا تەقیوەتەوە و گیانی لە دەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، گەنجەکە تەمەنی 29 ساڵە و ناوی (شوان جەمال)ە و خێزاندارە، ئەمڕۆ 9ی ئایار بەمەبەستی هێنانەوەی گژوگیا سەردانی کوێستانەکانی بەردەبوکی کردووە.
هاوکات بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین /هەولێر، ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە گەنجەکە لەو کوێستانە مینێکی دژە کەسی لە جۆری V69 پێداتەقیەوە و پاشان گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری دەزگای کاروباری مین ڕووبەری پیس بوو بە مین و تەقەمەنی لە كوردستان زیاد لە 776,000 مەتر دووجا بووە، دەزگای گشتی كاروباری مین بەهاوكاری رێكخراوە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەكان توانیوویەتی رووبەرێكی فراوان پاك بكاتەوەو تەنها 257,000,000 مەتر دووجا ماوە پاكبكرێتەوە تیمەكانی مینلابەری ڕۆژانە بە بەردەوامی كاری پاكسازی لە كێڵگە مینەكان دەكەن بۆ پاككردنەوەی ناوچەکان لە مەترسیەكانی مین و تەقەمەنی.
دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵیکدا 8 هەزار و 489 پارچە تەقەمەنی و مینی لابردووە، كە مینی دژەكەسی و دژە تانك و تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی لەخۆ گرتووە.