ئینتەر دەستبەرداری یاریزانێکی گەورە دەبێت و کۆنتی لەسەر ئاگرە

ئیدارەی یانەی ئینتەرمیلان لەپێناو دەربازبوون لە زیانە داراییەکانی سەردەمی کۆرۆنا، بڕیاریانداوە دەستبەرداری یەکێک لە یاریزانە گەورە و گرانبەهاکانیانبن، ئەم هەنگاوەش بە پێچەوانەی خواستی ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەرەوەیە.

سەرچاوەکانی ئیتاڵیا بەکۆی زانیارییەکان گەیشتوونەتە ئەو خوێندنەوەیەی، کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەگەری ماڵئاواییکردنی ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەر لە یانەی ئینتەرمیلان زۆر بەهێز دەبێت، هۆکارەکەشیان بۆ بڕیارەکانی ئیدارەی نێراتزۆری گەڕاندووەتەوە.

کۆنتی لەڕابردوودا ڕێککەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی یانە شین و ڕەشەکە کردووە، کە لە ئەگەری چنینەوەی نازناوەکاندا یاریزانی زیاتری بۆ دابین بکەن، بەڵام ستیڤن زهانگ و هاوەڵانی لەسەرۆکایەتی یانە نەک ئەو هەنگاوەیان نەناوە، بەڵکو بڕیاریانداوە یەکێک لە یاریزانە گەورەکانیان بفرۆشن لەپێناو قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بەهۆی کۆرۆناوە بەر یانەکە کەوتووە.

ئەو سێ یاریزانەی پێشنیازکراون پێکهاتوون لە، ڕومێلۆ لوکاکۆ، ئەشرەف حەکیمی، لاوتارۆ مارتینێز، ئەم سێ ناوەش لە سەرکەوتنەکانی ئینتەر لە خولی ئیتاڵیا کاریگەرییان هەبووە، بۆیە کۆنتی بە فرۆشتنیان قایل نییە، بەتایبەت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن زهانگی سەرۆک و پیپی ماروتای بەڕێوەبەری جێبەجێکار هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. گەنجێک گیانیلەدەستدا، کە پێش پێنج ڕۆژ بریندارکرابوو

بابەتی دواتر

زێدان دەگەڕێتەوە بۆ ئیتاڵیا ؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share