جەنگی نێوان یوێفا و سێ یانەی سوپەرلیگ دەستیپێکردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا)، سزای بەسەر یانە بەشدارەکانی خولی سوپەری ئەوروپیدا سەپاند و یانەکان وەڵامێکی توندیاندایەوە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا “یوێفا” لەبارەی یانە دامەزرێنەرەکانی خولی سوپەری ئەوروپییەوە بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە نۆ یانە، ئەو یانانەی پەشیمانییان دەربڕیوە و لە پڕۆژەکە کشاونەتەوە و پێکهاتوون لە “مان یونایتد، سیتی، چێڵسی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوڵ، تۆتنهام، ئەتلەتیکۆ مەدرید، ئینتەرمیلان، ئەی سی میلان”.

لێخۆشبوون لە نۆ یانە پەشیمانەکە تەنها ڕووە وەرزشییەکان دەگرێتەوە، بەڵام لە ڕووی داراییەوە بۆ وەرزی داهاتوو سەرجەمیان بە ڕێژەی لەسەدا پێنج داهاتی بەشداریکردنیان لە خولەکانی ئەوروپا کەمدەکرێتەوە، هەروەها لە ئەگەری بەشداریکردنەوەیان لە خولی سوپەر، یان هەر خولێکی دیکە، بەبڕی 100 ملیۆن یورۆ سزای دارایی بەسەریاندا دەسەپێنرێت.

سێ یانە گەورەکەش (ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، یوڤانتۆس) ئەم سزایانە نایانگرێتەوە، چونکە ئەو یانانە لە پڕۆژەکە نەکشاونەتەوە و پەشیمانیشیان نیشاننەداوە.

بەبڕیاری (یوێفا) سێ یانەی ناوبراو ئاڕاستەی لیژنەی پاراستنی دیسپلین و سزادانەکان دەکرێن، تاوەکو لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت و لەژێر فشاری یاساکاندا پەشیمانبکرێنەوە و پاشان سزای قورسبدرێن، بۆ نموونە پێشنیازکراوە کە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دووربخرێنەوە.

لەبەرامبەر ئەم ڕاگەیاندراوەی یوێفادا، سێ یانە گەورەکە بە ڕاگەیاندراوێک وەڵامیاندایەوە و تیایدا داوادەکەن، یاسا سەرەوربێت، داواش دەکەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەرپرسیارانە مامەڵەبکات و لەبری هەڕەشە و هەوڵی سزادان بیر لە دانوستاندن بکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی ڕیاڵ و بارسا و یوڤیدا گلەیی لە نۆ یانە بەشدارە پەشیمانەکە کراوە، کە پشتیان لە پڕۆژەیەک کردووە خۆیان دامەزرێنەر و هاوبەشبوون تیایدا، لە کاتێکدا کێشە داراییەکانیان چارەسەرنەبوون و هێشتا بەهۆی قەیرانەکانەوە دەناڵێنن.

هەندێک لەسەرچاوەکان ئاماژەیان کردووە، کە دەکرێت لە جەمسەری دامەزرێنەرانەوە (ڕیاڵ و بارسا و یوڤی) بەپێی یاسا وبەهۆی واژووکردنی پێشوەختەی بۆندی سوپەرلیگەوە، یانە پەشیمانبووەکان ڕوبەڕووی دادگا و سزای دارایی قورس بکرێنەوە.

بابەتی پێشتر

کەشتییە چینییەکە کەی و لەکوێ دەكەوێتە خوارەوە؟

بابەتی دواتر

شاخێكی سنووری شارباژێڕ بۆمبارانكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share