فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، شێوازی پەسەندكردنی بڕیارەكەی دادگا لە كەیسی سزادراوانی بادینان فشار و سێبەری سیاسی و حوكمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە.
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەڕاگەیەندراوێكدا، سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم لە كەیسی سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان ئاماژەی بەوەكردووە، شێوازی پەسەندکردنی بڕیارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری.
باسلەوەشكراوە، ئەو كەیسە کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی” .
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە،” ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان وێرای سوور بوونمان لەسەر بەرگریکردن لە ماف و ئازادیەکان و پێداگریی بەردەواممان لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان ، پێمان وایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە پاراستنی ئازادی ڕادەربرین و سەروەری یاسا دەستەبەر دەبێت ، ئەم بڕیارەش پێشھاتێکی مەترسیدارە، سەروەری یاسای لە ھەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان پێشی وایە، “نابێیت ڕێگە بدرێت لە ژێر ھەر بیانوو پاساوێک دادگا بکرێتە سەنگەری کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسککردنەوەی فەزای کاری مەدەنی، داواش لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەن لەپێناو پاراستنی سومعەی ھەرێـم دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنیت، ئەو لادانە ڕاستبکاتەوە “.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ” داوا لە سەرجەم ھاوپیشەکانمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، باھەموومان بەیەکەوە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بەرگری لە سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگا و دەنگی ئازاد و پارێزگاری لە شکۆ و ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان بکەین، ڕێگری ھەرھەوڵێک بین زیان بگەیەنێت بەپەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستەکانمان لە ووڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا کە ھەمیشە لەکاتی تەنگانەدا دۆست و پشتیوانی بەھێزمانن.