یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان بڕیار و ڕاسپاردەی نوێی ده‌ركرد

چوارشەممە 2021/5/5 به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگر و ئه‌ندامه‌كانی، یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌رکرد

١ – دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ھەردوو یاری قۆناغی کۆتایی چوارگۆشەی زێڕینی خولی پلە ( یەک ) بڕیاردرا

أ- ئاراستەکردنی نوسراوێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ، بۆ بانگھێشتکردنی سەرۆکی یانەکانی ( سەیدسادق ، شەقڵاوە ، ئاڵتون کۆپری ، کۆیە ) سەبارەت بە ڕووداوەکانی ھەردوو یاری قۆناغی کۆتایی چوارگۆشەی زێڕینی خولی پلە ( یەک ) .

ب- ھەڵپەساردنی ئەرکی سەرپەرشتیارانی یانەکانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی پلە ( یەک ) تا کاتێکی نادیار .

ج –
١-سزادانی سەرۆکی یانەی وەرزشی شەقڵاوە بە بڕی ( 1،000000 ) یەک ملیۆن دینار ، بەھۆی ئەم ھەڵسوکەوتەی لە دوای یاری نێوان ( سەیدسادق و شەقڵاوە ) ئەنجامیدا .

٢- ئاراستەکردنی داوای لێبووردن بۆ دانیشتووانی شاری کۆیە و جەماوەری یانەی کۆیە ، بەفەرمی و لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان .

‌و – ڕاگرتنی یاریزان ( ڕەوا عەبدولڕەزاق ) یاریزانی یانەی وەرزشی کۆیە ، تاوەکو کۆتایی وەرزی 2022 .

ھ – ڕاگرتنی ( ڕووداو جەمال ) ڕاھێنەری یانەی کۆیە ، بۆماوەی یەک ساڵ و ھەروەھا سزای دارایی بە بڕی ( 2،000000 ) دوو ملیۆن دینار .

و – بانگھێشتی ( ڕەمزی ساڵح ) ڕاھێنەری یانەی سەیدسادق دەکەین بۆ کۆبونەوەی داھاتووی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ، کە بۆ جاری دووەمە بانگھێشت دەکرێت ، لە ئەگەری ئامادەنەبوونی توندترین سزا دەدرێت .
ز – سەبارەت بە دوا قۆناغی خولی پلە ( یەک ) لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە .

٢ – بانگھێشتی نوێنەری یانە بەشداربووەکان لە خولی نایاب بۆ ئاستی لاوان دەکەین لە ڕۆژی شەممە بەرواری 2021/5/8 کاتژمێر 2:00 ی دوای نیوەڕۆ لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادەبن ، بە مەبەستی ئەنجامدانی تیروپشک بۆیان .

٣ – بانگھێشتی نوێنەری یانە بەشداربووەکان لە جامی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاستی لاوان دەکەین لە ڕۆژی شەممە بەرواری 2021/5/8 کاتژمێر 2:00 ی دوای نیوەڕۆ لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادەبن ، بە مەبەستی ئەنجامدانی تیروپشک بۆیان .

٤ – ڕاسپاردنی بەڕێزان ( عەدنان عەبدولڕەحمان ، نەوزاد ساڵح ) ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
بۆ پشکنینی یاریگاکانی شاری کەرکوک سەبارەت بە شیاوی بۆ یاریکردن .

٥ – ئەرکی پاراستن و پاسەوانی تیپی میوان لە ئەستۆی تیپی میواندارە .

بابەتی پێشتر

دابەشكردنی مووچەی لیوا هاوبەشەكان دواخرا

بابەتی دواتر

لە دوو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەی ئازادی بازرگانی پەسەندکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share