سزای نەبەستنی پێوەری ئاو كەمكرایەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی بڕی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەندراوێكدا، كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردووەتەوە، ڕایگەیاندووە،” بەپێی ئەو ڕێنماییە نوێیەی ئێستا پەسەندكراوە، بڕی سزادانی نەبەستنی پێوەر، بۆ بڕێكی یەكجار زۆر دابەزێندراوە، كە ئەمەش ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشاندایە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لە بەستنی پێوەر دەكاتەوە و داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بە خێرایی پێوەری ئاو ببەستن.

بڕیارە نوێكەی بڕی سزای نەبەستنی پێوەر لە پێشوو و ئێستادا بەمشێوەیە:

یەكەم: لە ڕێنماییە كۆنەكەدا (پێشوو) بڕی سزادانی شوێنەكانی نیشتەجێبوون و پرۆژە نیشتەجێكانی وەبەرهێنان (بۆ ماوەی دوای سێ مانگ) 200 هەزار دینار بوو، بەڵام لە ڕێنماییەكەی ئێستا بۆ 80 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتا هاوڵاتییان 120 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.

دووەم: پەرستگاكان، لە ڕێنماییە كۆنەکەدا بڕی پارەی وەرگیراو (سزا) 200 هەزار دینار بوو، بەڵام لەو ڕێنماییە نوێیەدا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.

سێیەم: ئەو دامودەزگا حكومییانەی، كە بەهەر هۆكارێكەوە پێوەریان نەبەستووە، لە ڕێنماییە كۆنەكەدا دەبوو بڕی 300 هەزار دینار بدەن، بەڵام ئێستا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتا 200 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.

چوارەم: كەرتی نیمچە حكومی، كە وەبەرهێنان نەبێت، لە ڕێنماییە كۆنەكە دەبوو بڕی 350 هەزار دینار بدەن، بەڵام ئێستا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتا 250 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.

پێنجەم: كەرتی بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و وەبەرهێنان لە ڕێنماییە كۆنەكە بۆ دوای سێ مانگ بڕی سزادان 400 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ 200 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتە بەڕێژەی سەدا پەنجا لێخۆشبوون كراوە.

شەشەم: شوشتنگە بەهەموو جۆرەكانی، بۆ دوای سێ مانگ، بڕی 450 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بەڕەچاوكردنی دۆخە ئابوورییەكە بۆ 250 هەزار دینار کەمکراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

گوندی کێستە بەتەواوەتی چۆڵكرا و هێرشەكانی توركیا زیاتر لە هەزار دۆنم زەویی سوتاندووە

بابەتی دواتر

یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان ڕەخنە لە ڕەوتی جێبەجێكردنی چاكسازی دەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share