لە بیبیەوە بۆ شتایگەر.. خراپترین (١٠) بۆندی واژووکراو لە مێژووی یانەی مانچستەر یونایتد

یانەی مانچستەر یونایتد یەکێکە لە یانە مێژووییە دەوڵەمەندەکان و بەدرێژایی مێژوو ملیاران دۆلاریان لە گواستنەوەی یاریزانان بەکارخستووە.

بەپێی داتاکانی ڕۆژنامەی دەیلی میرەر، شەیتانە سوورەکان لەساڵی ٢٠١٠وە بەتایبەت لە دوای وازهێنانی سێر ئەلێکس فێرگسۆن بڕی یەک ملیار پاوەندیان لە واژووکردنی بۆندی یاریزاناندا بەکارخستووە، چەندینێک لەو بۆندانە جێگەی خۆیان نەگرتووە.

لەم وەرزەدا ئولی گۆنار سۆڵشایەری ڕاهێنەری نەرویجی پڕۆژەیەکی نوێی بەگەڕخستووە و بەردەوامە لە کۆکردنەوەی پێکهاتەیەکی لاوی نوێ، دەیانەوێت بۆ داهاتوو ململانێی یانە گەورەکانی دیکەی ئینگلتەرا و ئەوروپا بکەن.

لەئێستادا چەندین یاریزانی وەک پۆل پۆگبا و برونۆ فێرناندێز و هاری ماگوایەر و لوک شاو و مارکۆس ڕاشفۆرد بەکارخراون، بەڵام هەمیشە یانەکە لە گواستنەوەی یاریزاناندا سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو چەندینێکی وەک ئەلێکسیز سانچێز و ڕادامێل فالکاو و ئەنخێل دی ماریایان گواستووەتەوە بۆ ڕیزەکانیان و هیچ سوودێکیان لەتواناکانیان نەبینیوە.

ڕۆژنامەی دەیلی میرەر ئەم بۆندە واژووکراوانەی مانچستەر یونایتد بە خراپترین گرێبەستەکان لە ماوەی (١٠) ساڵی ڕابردوو وەسفکردووە.

. بیبی: دۆزەرەوەی بەهرەکانی مان یونایتد لە پاڵەوانیەتییەکی “ستریت فوتباڵ” درکی بەتوانا هونەرییەکانی بیبی پورتوگالی کرد، فێرگسۆنی ڕاهێنەر بەهیوای دووبارەبوونەوەی چیرۆکی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ساڵی ٢٠١٠ گواستییەوە بۆ یونایتد و تەنها یەک وەرز دوو یاریی ئەنجامدا، دواتر دەرکەوت ئەو یاریزانە نەبووە کە چاوەڕێیان کردووە. پاش چەند وەرزێک خواستنی لەلایەن یانەکانی دیکەوە لە ساڵی ٢٠١٤ گەڕایەوە پورتوگال و پەیوەندی بە بەنفیکاوە کرد، لەو کاتەوە تائێستا ئاستێکی باشتری پێشکەشکردووە.

. مێمفیس دیپای: ٢٠١٥ پەیوەندی بە شەیتانە سوورەکانەوە کرد و چاوەڕواندەکرا گەنجە هۆڵەندییەکە ببێتە یەکێک لە باشترینەکان، بەڵام دوای لێکدانەوەی ستافی هونەری یونایتد دەرکەوت کێشەی هەیە لە کۆتاییهێنان بە هێرشەکان. لە هاوینی ٢٠١٧ پەیوەندی بە یانەی لیۆنی فەرەنسییەوە کرد.

. ئەنخێل دی ماریا: هاوینی ٢٠١٤ لە ڕیاڵ مەدریدەوە بەبڕی (٥٩.٧) ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە مانچستەر یونایتدەوە کرد، لەسەرەتا چوار یارییدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و دوو گۆڵیشی ڕەخساند، بەڵام پاش وەرزێک سەقامگیری لەدەستدا و بە (٤٤) ملیۆن پەیوەندی بە پاریس سانت جێرمانەوە کرد.

. ڕادامێل فالکاو: ساڵی ٢٠١٤ لە یانەی مۆناکۆی فەرەنسییەوە بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە مانچستەر یونایتدەوە کرد، لەکۆی (٢٩) یاریی تەنها چوار گۆڵی تۆمارکرد و دەرکەوت جادووی پێیەکانی لە ئۆڵترافۆرد کارناکات، وەک یەکێک لە سەیروسەمەرەترین بۆندەکان ئەژمارکرا.

. شینجی کاگاوا: یاریزانە ژاپۆنییەکە لەساڵی ٢٠١٢ لە بوروسیا دۆرتمۆندەوە پەیوەندی بە مان یونایتدەوە کرد و هاندەران پەرۆشبوون بۆ دەرکەوتنی لەنێو یاریگا، بەوپێیەی لەگەڵ بوروسیا دۆرتمۆند ساڵێک پێشتر لەکۆی (٣١) یاریی (١٣) گۆڵ و هەشت ئەسیستی تۆمارکردبوو، بەڵام سێر ئەلێکس فێرگسۆن لە پێگەیەکی جیاواز یاریپێکرد و یاریزانەکە شکستیهێنا، ساڵی ٢٠١٤ گەڕایەوە بۆ خولی ئەڵمانیا.

. هینریک میخیتاریان: بەبڕی (٣٠) ملیۆن لە دۆرتمۆندەوە هاوشێوەی کاگاوا پەیوەندی بە یونایتدەوە کرد، پێشتر لە وەرزی ٢٠١٥.٢٠١٦ (١١) گۆڵ و (١٥) ئەسیستی لە (٣١) یارییدا تۆمارکردبوو، بەڵام لە یونایتد لەژێر چاودێری جوزێ مۆرینیۆ شکستیهێنا و ڕەوانەی یانەی ئارسیناڵ کرا.

. مارکۆس ڕوخۆ: ٢٠١٤ لویس ڤان گال پێویستی بە بەرگریکاربوو، بەبڕی (٢٠) ملیۆن ڕوخۆی ئەرجەنتینی لە یانەی سپۆرتینگ لشبۆنە کڕی، سەرەڕای ئەوەی تائێستا لە یونایتد یارییدەکات، بەڵام هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەو کوالیتییەی پشتی پێببەسترێت یان لەپێکهاتە سەرەکییەکاندا جێگەی بۆ بکرێتەوە.

. ئەلێکسیز سانچێز: سێ وەرز و نیوی لە ئارسیناڵ بەباشترین ئاستەوە تێپەڕاند و لەهاوینی ٢٠١٨ پەیوەندی بە ڕێد دێڤڵزەوە کرد، هاوینی ٢٠١٩ بەخواستن ئاڕاستەی ئینتەرمیلان کرا و بە مووچەی هەفتانەی (٢٠٠) هەزار پاوەندەوە وەک یەکێک لە خراپترین بۆندەکان ئەژماردەکرێت.

. مورگان شنایدەرلین: هاوینی ٢٠١٥ بەبڕی (٣٠) ملیۆن پەیوەندی بە یونایتدەوە کرد، بەخێرایی شکستیهێنا و لە وەرزی دووەمیدا تەنها سێ ڕووبەڕوبونەوە بەشداریکرد، هەرگیز نەیتوانی لە ئۆڵدترافۆرد جێگەی خۆی بکاتەوە و زستانی ٢٠١٧ ڕەوانەی یانەی ئێڤەرتۆن کرا.

10. باستیان شڤاینشتایگەر: پاڵەوانی جیهان و یەکێکبوو لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام لەتەمەنێکی گەورەدا پەیوەندی بە یونایتدەوە کرد و لەژێر چاودێری لویس ڤان گال هیچ سوودێکی نەگەیاند، لە دووەم وەرزیدا بەهۆی پێکان و دابەزینی ئاستی جەستەییەوە تەنها لە پێنج یارییدا بەشداریکرد، لە هاوینی ٢٠١٧ دوای دوو وەرز پەیوەندی بە یانەی چیکاگۆ فایەری ئەمریکییەوە کرد.

بابەتی پێشتر

گەڕانەوە دوای وازهێنان.. ڕاستکردنەوەی هەڵە یان پاشگەزبوونەوە لە ژیانی ئاسایی

بابەتی دواتر

لە ئادەمەوە بۆ کاڕوڵ.. خراپترین (١٠) بۆندی واژووکراو لەمێژووی یانەی لیڤەرپوڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share