میکایل جۆنسن، ئەو لاوەی لە جێرارد و بالاک باشتربوو و لە (٢٤) ساڵیدا وازیهێنا

میکایل جۆنسن یەکێکە لە گەوهەرە ناوازەکانی ئەکادیمیای لیدز یونایتد و دوای دەرکەوتنی لە یانەی مانچستەر سیتی، بەشێوەیەکی کتوپڕ لەبەرچاوان ونبوو.

جۆنسن لەسەردەمی سڤین گوران ئیرکسن یەکێکبوو لە باشترین ئەستێرە هەڵکشاوەکانی ئینگلتەرا، بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٧ لەتەمەنی (١٩) ساڵیدا لەناو یاریگاکانی بەریتانیا دەرکەوت.

دیتمار هامان، ئەفسانەی هێڵی ناوەندی ئەڵمانیا و مانچستەر سیتی لەبارەیەوە دەڵێت، ” جۆنسن لەتەمەنی ١٩ ساڵیدا لەڕووی هونەریی و توانای یاریکردەوە زۆر لە گەنجیی ستیڤن جێرارد و میکایل بالاک باشترە”.

کەسایەتییەکی وەک هامان کە لەپاڵ جێرارد و بالاک لە ترۆپکی تواناکانیان یارییکردووە، بێگومان هۆکارێکی ڕاستەقینە و بڕواپێهێنەری هەیە کاتێک بەم شێوەیە لەبارەی لاوێکەوە دەدوێت، لەکاتێکدا ئەو لاوە هێشتا نەگەیشتووەتە ترۆپکی تواناکانی.

جۆنسن بەهۆی چەندین پێکانی لەسەریەکی قورسەوە و پاشان توشبوونی بە خەمۆکی لەساڵی ٢٠١٢ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەتەمەنی (٢٤) ساڵیدا وازهێنانی ڕاگەیاند.
چیرۆکی جۆنسن لەزاری خۆیەوە..

” بەخراپی مامەڵەم لەگەڵ بابەتەکاندا دەکرد و ڕێگەیەکی هەڵەم گرتبوو، کاتێکی زۆرم هەبوو، دەچوومە دەرەوە بۆ شەوانەکان و هەرجێگەیەکی دیکە، دەچوومە دەرەوە بۆ ئەوەی تۆزێک بخۆمەوە، بەو شێوەیە هەستەکانم کپ دەکردەوە، دەمویست بۆ ماوەیەکی کورت مێشکم ساف بکەم و بەباشی بیر لەخۆم بکەمەوە”.

گەوهەرە لەکارکەوتووەکە دەڵێت، ” لەوەیە خەڵک واتێگەیشتبێتن هیچ شتێک بەبای خەیاڵمدا نایەت، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەوە کاری خەمۆکییە کاتێک دەکەویتە ئەم دۆخانەوە بەدوای هەر ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێیت بۆ ئەوەی خۆت سەرمەست و بەختەوەر بکەیت”.

جۆنسن یەکێکبوو لە بەهرەدارانی ئینگلتەرا و بەرانبەر یانەکانی دێربی کاونتی و ئەستۆن ڤێلا وەرزی ٢٠٠٧/٢٠٠٨ گۆڵی تۆمارکرد، چاوەڕواندەکرا بگات بە بەرزترین ئاستی تۆپی پێ.

هاوینی ٢٠٠٨ دوای گواستنەوەی خاوەنداریەتی یانەی مانچستەر سیتی بۆ شێخ مەنسور بن زاید و دەستبەکاربوونی ئیماراتییەکان، بۆ ماوەی پێنج وەرز بۆندی گەوهەرە خەمۆکەکە نوێکرایەوە، لەو ماوەیەدا دووچاری چەندین پێکانی قورسبوو، تەنها لەچوار ڕووبەروبونەوەدا بەشداری پێکرا.

جۆنسن دەڵێت، ” یاریکردنی تۆپی پێ دڵخۆش و ئارامی نەدەکردم، پێموابوو لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بە بەختەوەری دەگەم، بۆیە هەموو وزەی خۆم لەو پێناوەدا بەکارخست، بەڵام ئەوە ڕووینەدا”.

” هیوام هەبوو، ئەوەش وایلێدەکردم هەنگاو بەرەوپێش بنێم، بیرم لەوەدەکردەوە ئەگەر لەپێکهاتەی یەکەم جێگەی خۆم بەتەواوی بکەمەوە باشتر دەبم، بەڵام هەموو ئەو خەونانە لەبارچوون، ئەو شێوە بیرکردنەوە هەڵەیەکی گەورەی تێدایە، وا نییە؟ هێدی هێدی بەرەو داڕوخان ڕۆیشتم، کاتێک زانیم لەسەر ڕێگەی هەڵەم و بەهەڵە بیردەکەمەوە”.

لەئێستادا میکایل جۆنسن تەمەنی (٣٢) ساڵە و هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی کچێکە، لەڕووی دەروونییەوە سەقامگیرە و لە کۆمپانیاکەی باوکی سەرقاڵی کڕینوفرۆشی ئوتۆمبێلی براندی ئەمریکییە، لەکاتێکدا هاندەرانی ئینگلتەرا و مان سیتی وەک یەکێک لە مەزنترین بەهرەکانی بواری تۆپی پێی ئینگلیزی وەسفی دەکەن.

یاریزانەکەی پێشووی ئینگلتەرای خوار تەمەن (٢١) ساڵ، کە دوو یاریی نێودەوڵەتی بەدرێسی شێرەکانەوە ئەنجامداوە، وەک سڤین گوران ئیرکسنی ڕاهێنەری سویدی ناودار دەڵێت، ئەگەر بەڕێگە ڕاستەکەدا بڕۆشتایە ئێستا چ ئەفسانەیەک دەبوو؟

بابەتی پێشتر

میگێل گوتیرێز کێیە؟ مەعشوقی زێدانە و لە پێکهاتەی ڕیاڵ مەدرید ناونوسکرا

بابەتی دواتر

گەڕانەوە دوای وازهێنان.. ڕاستکردنەوەی هەڵە یان پاشگەزبوونەوە لە ژیانی ئاسایی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share