ئەو پێنج یاریزانەی دوای کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار مایەپوچبوون

هەندێک لە یاریزانانی بواری تۆپی پێ لەژیانی وەرزشییاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام لە ژیانی ئاسایی و لەبوارە بازرگانییەکاندا شکستیان تۆمارکرد.

ئاساییە کەسانێکی ئاسایی بەهۆی خراپی گوزەرانیانەوە بناڵێنن، بەڵام بۆ سەرمایەدارانی بواری تۆپی پێ و وەرزش بەگشتی سەیروسەمەرەیە یاریزانێک مایەپوچبوون، یاخود شکستی ڕابگیەنێت، ئەوەش بەهۆی ئەو پارە زۆرەی بەدەستیدەهێنن.

هەندێک لە یاریزانانی بواری تۆپی پێ دوای کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار لەڕێگەی یانە و سپۆنسەرانیانەوە، لە بوارە بازرگانییەکان شکستیانهێنا و تەواوی سەروەتەکەیان لەدەستدا.

1. جیان ئاساموا: بەدرێسی چەندین یانەی ناودارەوە یاریکردووە لەنێوانیاندا یانەی ساندەرلاندی ئینگلیزی و عەینی ئیماراتی، لەسەردەمی خۆیدا یەکێکبوو لە گرانبەهاترینەکان، بەڵام لەدوای پەیوەندیکردن بە یانەی قەیسەر سپۆری تورکی بارودۆخی دارایی بەرەوخراپبوون ڕۆیشت.

لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ هەفتانە بڕی (٢٠٠) هەزار یورۆ موچەی بەدەستدەهێنا، لەساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ لە یانەی شەننگهای سیپیج بڕەکە بۆ (٢٥٠) هەزار بەرزبووەوە.

یاریزانەکە لەساڵی ٢٠١٨ بە ڕۆژنامەی زە سەنی ڕاگەیاند، وەڵامی پەیوەندی خێزان و منداڵەکانم نەدەدایەوە، مایەپوچبووم، نەمدەزانی چییان پێشکەشبکەم، هەژمارە بانکییەکانم تەنها (٦٢٠) یورۆی تیادا مابوو.

2. داڤید جەیمس: سەرەڕای ئەوەی لە ژیانی وەرزشییدا بڕی (٢٠) ملیۆن یورۆی کۆکردەوە، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە ساڵی ٢٠١٤ مایەپوچبوونی ڕاگەیاند.

ناچاربوو بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی تەواوی کەلوپەلە وەرزشیی و خەڵاتە تایبەتییەکانی بفرۆشێت.

ئەم یاریزانە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە هاوسەرەکەی جیابوویەوە و لەدوای ئەوە دووچاری ئاستەنگی دارایی بوو.

3. جۆن ئارن ڕیزە: یاریزانە نەرویجییەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ مایەپوچبوونی ڕاگەیاند، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە پڕۆژەیەکی بازرگانی گەورەی دەستپێکرد و شکستیهێنا.

یاریزانی پێشووی یانەکانی لیڤەرپوڵ و و فولهام و ڕۆما و ئاپۆیل نیقۆسیا لەگەڵ یەکێک لە بریکارەکانی ڕووبەڕوی یاسا بوونەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی سپۆرتس کیدا، کەیسی ڕیزە گرنگی زۆری پێنەدراوە و بۆ کۆتاجار لەدوای مایەپوچبوون لە خولی هندستان لە یانەی چینای بینراوە.

4. دیێگۆ مارادۆنا: (١١) ساڵ لەمەوبەر ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە مایەپوچ بوو، دادگای ئیتاڵیا داوای بڕی (٤٢) ملیۆن یورۆیان لەپای کەڵەکەبوونی باج لێدەکرد، لە ئیتاڵیا چووە دەرەوە و لە ئەرجەنتین ئالودەی ماددە بێهۆشکەرەکان بوو.

تۆڕی “بی بی سی” بەریتانی ئاشکرایکرد، مارادۆنا لە ساڵی ٢٠٠٥ لەبەردەم تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئەرجەنتین مایەپوچبوونی خۆیی ڕاگەیاندووە.

5. ڕۆناڵدینیۆ: دوو ساڵ لەمەوبەر ئەفسانە بەرازیلییەکە لەلایەن دادگای ڕیۆ دی جانێرۆ تۆمەتبارکرا بە خۆزدزینەوە لە پێدانی باج بەبڕی (٢.٥ ملیۆن یورۆ)، لەو کاتەدا یاریزانەکەی سیلیساو مایەپوچبوونی ڕاگەیاندو و ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی دووپاتیکردەوە، تەنها پێنج یورۆ لە هەژمارە بانکییەکەیدا ماوەتەوە.

ژیانی ڕۆنی بچوک بەم شێوە خراپە هەرەسهێنانی بازرگانی بەدواهات و تەنانەت لەژیانی ئاساییشدا شکستیهێنا، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی کەیسی ساختەکاری لە پاسپۆرت و پێناسەکەی دوو مانگی لە زیندانی ئاسینسۆن لە پاراگوای بەڕێکرد، تائێستاش لەژێر چاودێریدایە و لە وڵاتێکی هاوسێی بەرازیل گیریخواردووە.

بابەتی پێشتر

بن سەلمان و نیوکاسڵ؟ نرخی (١١) یانەی ئینگلیزی لە پاوەندێکەوە بۆ نزیکی ملیار

بابەتی دواتر

ڤێرنەر بۆ چێڵسی.. لامپارد لەڕووی تاکتیکیەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ هێرشبەرە ئەڵمانییەکە دەکات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share