كورد بە یەك هاوپەیمانێتی و پێكهاتەكانی دیكەش بە 38 هاوپەیمانێتی دەچنە هەڵبژاردنەوە

وادەی بەستنی هاوپەیمانێتی لایەنەكان كۆتاییهات و یەكێتی و گۆڕانیش داواجار وەكو تاكە هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكان دەچنە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كە بڕیارە لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

هەرچەندە  لە ئێستادا یەكێتی لەڕووی پێگەی جەماوەری  و دۆخی حزب لەوپەڕی باشی و بەهێزیدایە  و گۆڕانیش پێگەكەی جارانی نەماوە، بەڵام سەركردایەتی نوێی یەكێتی خەونە مێژوویەكەی  كۆچكردوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفایان بەدیهێنا، سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، هاوپەیمانی ئەم دووهێزە دەبێتە گێڕانەوەی هاوسەنگی سیاسی و بەهێزبونی پێگەی كورد لەبەغداد.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پێی وایە، بەستنی هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی و گۆڕان لەم قۆناغەدا زۆرگرنگ بوو بۆ كورد و یەكڕیزی لایەنەكان و پێگەی سیاسی كورد لەبەغداد و سەرەتایەكە بۆ زیاتر كۆكردنەوەی دەنگ و هەڵوێستی كورد لەعێراقدا “.

ناوبراو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاماژەی بەوەشكرد،” كۆچكردوان مام جەلال و كاك نەوشیروان مستەفا زۆر هەوڵیاندا كاتی خۆی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان جێبەجێ بكرێت، بەڵام نەتوانرا وەكو پێویست جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئێستا ئەم هەنگاوە ڕۆحی هەردوو سەركردەی كۆچكردوو شاد دەكات، چونكە زۆربەگرنگیەوە سەیری ئەوەیان دەكرد یەكێتی و گۆڕان لێكنریك بن”.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی خوازیاریشە رێككەوتنەكەیان ببێتە سەرەتایەك بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی دەباشان.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەوەشی ئاشكراكرد، كە لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوو گفتوگۆكانیان بەردەوامە تاوەكو بێنە نێوهاوپەیمانێتییەكەیان و زۆر نزیكن لەرێككەوتن.

لەبەرامبەریشدا  یاسین حەمەعەلی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لەماوەی ڕابردوو چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجامداوە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی و دوێنێ بەفەرمی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان (هاوپەیمانی كوردستان) ی پەسەندكردووە.

ڕونیشیكردەوە، ” ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشەلەسەرەكانیشە و هەركاندیدێكی هەردوو هێزەكە  لەبازنەكان پێشكەش بە كۆمیسیۆن كرابێت لەژێرناوی هاوپەیمانێتیەكەدایە و بەسەربەخۆیش هیچ كاندیدێكمان نیە”.

دەربارەی ئەوەی كە بۆچی ڕێككەوتنەكەیان تەنها لەگەڵ یەكێتی بووە، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنەكانی گۆڕان ئاشكرایكرد،” پێشتر جڤاتی نیشتمانی بڕیاریدابوو، كە گۆڕان دەرگای كراوەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان هاوپەیمانێتی ببەستێت، بەڵام بەهۆی لێكنزیكبوونەوەی بۆچونەكانیان لەگەڵ یەكێتی لەگەڵ ئەوان گەیشتوونەتە ڕێككەوتن.

لەلایەكی دیكەوە تارق حەرب پسپۆڕی بواری یاسایی عێراق رایدەگەیەنێت، ” ئەو لایەن و هاوپەیمانێتییە نوێیانەی دروست بوون دەتوانن لە% 35 كورسییەكان بەدەستبهێنن و ئەوەی دیكەش هەرلایەنە دەسەڵاتدارییەكانی عەرەب و كورد بەدەستی دەهێننەوە”.

ناوبراو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا  وتیشی،” هیچ هاوپەیمانێتییەك  ئەو ڕێژە كورسیە ناتوانێت بەدەستبهێنێت كە بەتەنها حكومەت پێكبهێنێت”.

بڕیارە لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت و بەگوێرەی داتاكانی كۆمیسۆن 39 هاوپەیمانی نێو لایەنەكان دروستبووە و نزیکەی 265 حزبی سیاسیش خۆیان تۆمارکردووە، هاوكات سێ هەزار و523 كاندید هەن كە هەزار و دوو كاندیدیان هی هاوپەیمانێتییەكان و هەزار و 634 كاندیدیش هی حزبەكان و  887 كاندیدیش سەربەخۆن.

بابەتی پێشتر

دوو مووشەك ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی بەغداد كران

بابەتی دواتر

نیوکاسڵ 0-2 ئارسیناڵ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چالاكوانێك لە بەغداد كوژرا

لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە ئەمڕۆ چالاكوانێك لە ڕۆژهەڵاتی بەغداد كوژرا. بەپێی وتەی چالاكوانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 15ی كانونی یەكەم…
Total
0
Share