پێنج ڕیکۆردی مێژوویی خولی نایابی ئینگلیزی ئاسان نییە لە داهاتوودا تۆماربکرێتەوە

لەم وەرزەدا یانەی لیڤەرپوڵ هەموو سنورەکانی بەزاند و چەندین ڕیکۆردی مێژووییان تۆمارکرد، سەرکەوتنە بەردەوامەکانیان ڕیخۆشکەربوو بۆ کردنەوەی دەرگای تۆمارە مێژووییەکان.

ئەستێرەکانی یۆرگن کلۆپ لە ڤیکاراج ڕۆد بەرانبەر واتفۆرد دۆڕاندنیان تۆمارکرد و زنجیرەی بردنەوە لەسەریەکەکانیان لە (١٩)دا وەستایەوە، بەڵکو نەیانتوانی بەردەوامی بە زنجیرەی نەدۆڕاندنەکانیان بدەن و ڕیکۆردە مێژووییەکەی یانەی ئارسیناڵ هاوتا بکەنەوە.

لیڤەرپوڵ لە (٤٤) یارییدا دۆڕاندنی تۆمار نەکرد، لەکاتێکدا ئارسیناڵی سەردەمی زێڕین توانیبووی (٤٩) یاریی بەبۆ دۆڕاندن تۆمار بکات.

ئەم داتا و ڕیکۆردانە لەمێژووی تۆپی پێی ئینگلیزەکاندا بۆ هەمیشە ئاماژەیان پێدەکرێت، جگە لەوانەش پێنج ڕیکۆرد بوونیان هەیە مەحاڵە دووبارە تۆمار بکرێنەوە و بریتین لە:

ڕاهێنەری درێژخایەن

ئارسن ڤینگەری فەرەنسی بۆ ماوەی (٢١ ساڵ و ٢٢٤ ڕۆژ) لە پۆستی ڕاهێنەری یانەی ئارسیناڵ بەردەوامبوو.

ڕاهێنەرە مێژووییەکە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو مۆناکۆی بەجێهێشت و پۆستی ڕاهێنەری گانەرزی وەرگرت، وەرزی ٢٠٠٣/٢٠٠٤ی بەبێ دۆڕاندن تێپەڕاند و لە ساڵی ٢٠١٨ بەفەرمی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.

کەمترین خاڵ

یانەی دێربی کاونتی لە وەرزی ٢٠٠٧/٢٠٠٨ کەمترین خاڵی لە خولی نایابی ئینگلیزی کۆکردەوە کە تەنها (١١) خاڵ بوو.

لەم وەرزەدا یانەی نۆریچ سیتی کە لەکۆتایی ڕیزبەندی پریمەرلیگدایە خاوەنی (٢١) خاڵە و هێشتا نۆ ڕووبەڕوبونەوەیان لەبەردەمدا ماوە، ئەوەش کێشی قەیرانە قورسەکەی دێربی کاونتی دەردەخات لەکاتی خۆیدا.

هیچ یانەیەک لەمێژووی خولەکەدا هێندەی وەرزی ٢٠٠٧/٢٠٠٨ی دێربی کاونتی ڕێژەی لاوازی تۆمارنەکردووە.

خێراترین هاتریک

سادیۆ مانێی سەنیگالی ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوڵ لەساڵی ٢٠١٥ بۆ یانەی ساوزامپتن یاریی دەکرد، لەو وەرزەدا و لەڕووبەڕوبوونەوەی یانەی ئەستۆن ڤێلا لە (دوو خولەک و ٥٦ چرکە)دا توانی هاتریک تۆمار بکات.

ئەم ڕیکۆردەش ڕیکۆردی پێشووی خێراترین هاتریکی شکاند، کە بەناوی ڕۆبی فاولەری ئەفسانەی لیڤەرپوڵەوە بوو (چوار خولەک و ٣٣ چرکە).

بەتەمەنترین یاریزان

جۆن بوریدج لە تەمەنی (٤٣ ساڵ و ١٦٢ ڕۆژ)دا وازهێنانی لە یاریکردن ڕاگەیاند.

گۆڵپارێزەکەی یانەی مانچستەر سیتی لەسەردەمی خۆیدا وەک بەتەمەنترین یاریزان وازهێنانی ڕاگەیاند و مێژووی تۆمار کرد، ئەم مێژووە بە کۆن ناوزەند دەکرێت و ناچێتە خانەی ڕیکۆردەکانی سیتی سەردەمی نوێوە.

لەم سەردەمەدا و پاش نوێکاری یانەکە لەلایەن شێخ مەنسور بن زاید و بەتایبەت پاش بوونی گواردیۆلا بەڕاهێنەری سیتیزن، یانە شینە ئاسمانییەکە چەندین ڕیکۆردی بەهێزیان لەناوخۆی خولی ئینگلیزەکان تۆمار کردووە، بەڵام هیچیان وەک ئەو ڕیکۆردە نەبوون کە بوریدج تۆماری کرد و بۆ هەتا هەتایە پێناچیت هیچ یاریزانێک بتوانێت بیشکێنێت.

لەماوەی یاریکردنیدا بوریدج ٧٦٨ یاریی لە یاریگاکانی ئینگلتەرا ئەنجامدا.

کەمترین ئامادەبوون

لەساڵی ١٩٩٣ و لەڕووبەڕوبوونەوەی نێوان یانەکانی ویمبڵدن و ئێڤەرتۆن تەنها (٣٠٣٩) کەس لە یاریگای سیلهۆرست پارک ئامادەبوون، کە ئەوەش کەمترین ڕێژەی ئامادەبوونە بەدرێژایی مێژووی خولە ناوخۆییەکانی ئینگلتەرا.

ڕەنگە لەم سەردەمەدا بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاندەران ئامادەی یاریگا نەبن، بەڵام ئەوەی لەیاریی نێوان ویمبڵدن و ئێڤەرتۆن ڕوویدا سەرسوڕهێنەر بوو، چونکە هیچ ڕێگرییەک لەبەردەم هاندەراندا نەبوو.

بابەتی پێشتر

(١٢) فیلمی دوکۆمێنتاری تۆپی پێ، یاریدەدەرت دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان و بێزاری کەرەنتین

بابەتی دواتر

شەش باشترین ساتەکانی ژیانی مارادۆنا لە تێپەڕاندنی کابرێراوە بۆ پەکخستنی میلان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share