کیسنجەر: ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و چین هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات

هێنری کیسنجەر، دیپلۆماتكاری پێشووی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و دەڵێت، ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات، چونکە ئەوجۆرە ناکۆکییە توندە سەربازی و تەکنەلۆژییەی ئێستا پێشینەی نەبووە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و ئەندازیاری نزیکبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا دەڵێت، “توانا ئابوری، سەربازی و تەکنەلۆژییەکانی ئێستای هەردوولا ئەو ناکۆکییانەی لەنێوانیاندایە مەترسیدارتر دەکات بەراورد بە جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران.

کیسنجەر وتی، “ئەمە گەورەترین کێشەیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەورەترین کێشەیە بۆ هەموو جیهان پێکەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، “مەترسییەکانی بەرەوپێشچوونە تەکنەلۆژییەکان لە بواری چەکی ئەتۆمی و زیرەکیی دەستکرددا دوو لایەنن کە هەردوولا دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە، ئەمەش مەترسی کۆتاییهاتنی جیهان زیاتر دەکات”.

هێنری کیسنجەر باسیلەوەکرد، “بابەتی ئەتۆمی و تەکنەلۆژی کە هەردووکیان تیشکیان خستووەتەسەر زیرەکیی دەستکرد، لەکاتێکدا ئامێر و ڕۆبۆتەکان بە هاوبەشی لەگەڵ مرۆڤدا کاربکەن ئەوان لەتوانایاندایە پەرەیان پێبدرێت و خودکاری کاربکەن، ئەەم وادەکات بە گرنگییەوە لە مەترسییەکانی سەر ناکۆکیی و پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بڕوانین”.

بە بۆچوونی کیسنجەر ناکرێت ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان ئەمریکا و چین بەراورد بکرێت بە جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤییەت لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە.

“یەکێتیی سۆڤییەت توانا ئابورییەکانی لەوکاتەدا لاوازبوو، بەڵام توانا تەکنەلۆژی و سەربازییەکانی لە ئاستێکی بەرزدابوو، لەگەڵئەوەشدا بەراورد ناکرێت بەو توانا ئابوورییە بەهێزەی ئێستا چین هەیەتی سەرەڕای توانا زۆرە تەکنەلۆژی و سەربازییە گەورەکانی”.

کیسنجەر دەڵێت، پێویستە ئەمریکا لەسەر پاراستنی بنەماکانی بمێنێتەوە و وابکات کە چین ڕێز لە بنەماکانی بگرێت، هەروەها داوا لە چین دەکەن لە چوارچێوەی گفتوگۆی بەردەوامدا بمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا: لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەکەین

نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا پەیامێکی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی حەلەب و هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەو شارە، بڵاوکردەوە.…
Total
0
Share