ڕەوتی سەدر داوا لە پارتی و سوننەكان دەكات لە ئەنجومەنی نوێنەران بكشێنەوە

هۆڵی پەرلەمانی عێراق

سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر دەڵێت، گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدر بۆ ئەنجومەنی نوێنەران قەدەغەیە بەهەر بیانوویەك بێت، داواش لە پارتی و سوننەكان دەكات لە ئەنجومەنەكە بكشێنەوە.

ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، هەندێك لە خۆشەویستان هەوڵدەدەن بەڕێگای یاسایی فراكسیۆنی سەدر بگەڕێننەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام ڕای كۆتایی لەو پرسەدا ئەوەیە “بە تەواوی و یەكلاكەرەوە قەدەغەیە لەژێر هەر بیانوویەكدا بێت”.

دەشڵێت، ئەگەر گەڕانەوەیان لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندایە، “ئەوا پێویست بە گەڕانەوەمان ناكات، تەنها بە كشانەوەی هاوپەیمانەكانمان لە سونە و كورد ئەنجومەنی نوێنەران شەرعیەتی لەدەستدەدات و ڕاستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە”.

عێراقی دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی ئاگادارن لەبارەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر هاوپەیمانەكانیانە، بەڵام قوربانیدان لەپێناو كۆتاییهێنان بە ئاستەنگییەكانی خەڵك، كارێكی سوپاسكراو و خوازراوە، بۆیە “تۆپەكە لە گۆڕەپانی هاوپەیماناندایە نەك لە گۆڕەپانی فراكسیۆنی سەدر”.

دووپاتیشیكردەوە، “لەكاتێكدا گەندەڵكاران حكومەتی نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی خاوەن زۆرینەی نیشتمانی ڕەتدەكەنەوە، ئێمەش بەتەواوی حكومەتی سازان ڕەتدەكەینەوە”.

بەرپرسەكەی ڕەوتی سەدر لە كۆتایشدا دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت ئەنجامبدرێت بەبێ گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدر، بەتایبەت بەهۆی بوونی هاوپەیمانانیان لە ئەنجومەنەكە لەگەڵ هەندێك لە سەربەخۆكان، بۆیە داوا لە هاوپەیمانانیان و سەربەخۆكان دەكات “هەڵوێستێكی ئازایانە” بنوێنن و كۆتایی بە تەواوی قەیرانەكە بهێنێت.

بابەتی پێشتر

دوو خوشك بە تۆمەتی كوشتنی دایك و برایەكیان لە دهۆك دەستگیركران

بابەتی دواتر

بنزیمه‌ دوو یاریی و زیاتر له‌ده‌ستده‌دات، کەی دەگەڕێتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دادگای فیدراڵی عێراق: کشانەوی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان کاریگەری لەسەر کارەکانمان نابێت

دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی کشانەوەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیەندراوەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە لە رۆژنامەی…
Total
0
Share