وەزارەتی پێشمەرگە گلەیی لە بوونی بۆشایی ئەمنی هەیە

وەزارەتی پێشمەرگە: ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری لەگەڵ سوپای عیراقدا هەیە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، “تیرۆریستانی داعش” پەلاماری سەنگەری پێشمەرگەیان داوە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 10ی پیادەیان دا لە بەرزاییەکانی زورگەزراو لە سنوری میحوەری پێنج، پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ درایەوە و تیرۆریستان ڕاونران”.

راشیدەگەیەنێت، “هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە ساز و ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنێت”.

“پێشتر چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەیەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە”، وەك ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەیپێداوە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگیی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عیراقدا.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیاییش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ گروپێكی داعش هێرشیان بۆسەر سەنگەرێكی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان، لە سنوری میحوەری پێنج لە ڕۆژئاوای كەركوك ئەنجامدا و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید و دووانی دیكەش برینداربوون.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی هەرێم داوای هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا دەكات بۆ ناوچە جێناكۆكەكان

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share