كەسێك لەكۆیە گیانیلەدەستدا، كە نەخۆشیی دڵی هەبووە و ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کۆیە ئاشکرایکرد، پیاوێک، کە پێشتر ڤاکسینی فایزەری وەرگرتووە، شەوی ڕابردوو گیانیلەدەستداوە، كەسەكە پێشتر نەخۆشیی دڵی هەبووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر هێمن ڕەسوڵ، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەو کەسە ڕایگەیاند، ئەو کەسەی گیانیلەدەستداوە، چوار ڕۆژە ڤاکسینی فایزەری وەرگرتووە و شەوی ڕابردوو گیانیلەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، كەسەكە لە تاقیگەی ناوەندیی کۆیە ڤاکسینی فایزەری وەرگرتووە.

دکتۆر هێمن وتیشی، “ئەو کەسە ناوی محەمەد مەنمی-یە، پیشەی مامۆستا بووە، تەمەنی 47 ساڵە و پێشتر نەخۆشیی دڵی هەبووە”.

لەلایەکی دیکەوە باڵا فرسەت، کە برازای مامۆستا کۆچکردووەکەیە، چیرۆکەکەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسکرد، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی مامۆستا محەمەد ڕۆژی 21ی نیسان ڤاکسینەکەی وەرگرتووە، پلەی گەرمیی جەستەی بەرزبووەتەوە و دواتر ڕشاوەتەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی دووەم تەندروستیی باشبووە.

بە وتەی کەسوکارەکەی، مامۆستا محەمەد پێشتر نەخۆشیی دڵی هەبووە و پزیشکەکانی ئاگاداریان کردووەتەوە، دەبێت بەتەواوی پابەندی ئەو ڕێنماییانە بێت، کە پزیشک بۆی داناوە، بۆ چوارەم ڕۆژ دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە تەندروستیی مامۆستاکە تێکدەچێت و دەبرێتە نەخۆشخانە، پزیشکەکان هێڵکاریی دڵی بۆ دەکەن، بۆیان دەرکەوتووە تەندروستیی دڵی زۆر تێکچووە، هەر هەمان شەو مامۆستا محەمەد لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.

برازای كۆچكردووەكە ڕەتیشیكردەوە وەرگرتنی ڤاكسینەكە هۆكاری گیانلەدەستدانەكە بێت، زیاتر هۆكارەكەی بۆ نەخۆشیی دڵی مامۆستاكە گەڕاندەوە.

بابەتی پێشتر

کۆنتی بۆ ئینتەرمیلان: دوو داواکاریم بۆ جێبەجێنەکەن دەڕۆم

بابەتی دواتر

"هازارد لە بەرشلۆنە دەبووە باشترینی جیهان"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share