مەسرور بارزانی: ناتوانین بەتەواوی حەشدی شەعبی لە هێرشەکانی سەر هەولێر تۆمەتبار بکەین

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند ئەو هێرشە موشەکییانەی دەکرێنە سەر هەولێر و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ناکرێت بەتەواوی بخرێتە ئەستۆی حەشدی شەعبی و ناشتوانین بەغداد بە بەرپرسیار دابنێین.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هەولێر ڕایگەیاند، “ناتوانین بە تەواوی حەشدی شەعبی تۆمەتبار بکەین لە هێرشەکان و ناشکرێت بەغداد بە بەرپرسیاری هێرشەکان دابنێین، چونکە ئەو گروپانەی لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدان هەموویان پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی بەغداد نین و بە سەربەخۆیی بڕیار دەدەن”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وتی، لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەتەوە هەرچەندە تاوەکو ئێستا لەڕووی پراکتیکییەوە هیچ شتێک نەکراوە و چاوەڕێین بەغداد پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.

ڕاشیگەیاندووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی تەواوی خۆی بە ڕێککەوتنەکەوە دەربڕیوە بەو جۆرەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دەڵێت، ئەو ناکۆکییانە کێشەیەکی ناوخۆیی وڵاتی تورکیابوو هێنرایە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیایە نەک کێشەی ئێمە، ئەوکاتەی ئێمە سەرقاڵی ڕوبەڕووبوونەوەی داعش بووین پەکەکە ئەوەی بە هەل زانیوە و هاتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

وتیشی، بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانی ئەو ناوچەیە لەنێوان پەکەکە و تورکیا ئێستا نزیکەی 800 گوندی ناوچە سنورییەکان لەلایەن دانیشتوان و جوتیارەکانەوە چۆڵ کراون، پەکەکە نابێت لە ناو خاکی هەرێمدابێت و خۆیان وەک بەدیل نیشان بدەن.

سەرۆکوەزیران لەبارەی هێرشەکانی داعش و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایگەیاند، بەبڕوای ئێمە تائێستاش عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە چونکە بەبێ تائێستا ئەو ئامادەییە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەیەی داعش نییە، هەروەها عێراق پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی هەیە.

لە وەڵامی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەڵێت، دواجار هەرێمی کوردستانیش لەچوارچێوەی هەڵوێستی عێراقدا دەبێت و ئەوەش بەپێی ئەو گفتوگۆ ستراتیژییەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە بە بوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبووەوە

بابەتی دواتر

هاوسەرۆكانی یەكێتی و وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share