وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد کە هەژاریی سەخت لە عێراق %2ی کۆی ڕێژەی هەژاری لە وڵاتدا پێکدەهێنێت و ئەو ڕێژەیەش زۆر کەمە.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، “هەژاریی سەخت لە عێراقدا ڕێژەیەکی کەمە و لەنێوان 1.5 بۆ %2ی ئەو ڕێژە هەژارییە پێکدەهێنێت لە وڵاتدا هەیە”. هینداوی باسی لەوەشکرد کە زۆرترین ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەننایە و کەمترینیش لە هەرێمی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانان کە لە ساڵی 2020دا وەرگیراوە %30ە و ئامادەکاری دەکەن تاوەکو ئاماری ساڵی 2021یش وەربگرن.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانا دەڵێت، تاوەکو ئێستا پارێزگای موسەننا بەرزترین ڕێژەی هەژاری تێدایە بە ڕێژەی %52، دوای ئەو پارێزگای زیقار دێت بەڕێژەی 48 بۆ %49، هەروەها پارێزگای نەینەوا پلەی چوارەمە بە ڕێژەی %41 و پارێزگاکانی تری باشووری عێراق بەگشتی %32ی ڕێژەی هەژارییان تێدایە.
باسیلەوەکردووە کە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق بە گشتی ڕێژەی 20 بۆ %21ی ڕێژەی هەژاری پێکدەهێنن، هەروەها ڕێژەی هەژاری لە ئەنبار و کەرکوک و سەلاحەدین 17 بۆ %18ی کۆی ڕێژەی هەژارییە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، “ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 12.5 بۆ %13 پێکدەهێنێت، ئەمەش هەمان ئەو ڕێژەیەیە کە لە بەغداد هەیە”.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی یونسێف زیاتر لە %40ی منداڵانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن.
زاراوەی هەژاری سەخت لە ساڵی 1995 لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دانرا بۆ ئەو کەسانەی کە بێبەشن لەسادەترین و سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیان، لەوانە ئاوی خواردنەوە و خۆراک، شوێنی مانەوە، پێداویستی تەندروستی، خوێندن و فێربوون.