(بەداتا و ژمارە) گۆڵە نێودەوڵەتیەکانی مێسی بایەخیان لە گۆڵەکانی کریستیانۆ زیاترە !

 

لیۆ مێسی، ئەفسانەی زیندوی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە شکاندنی ڕیکۆرد و داتا مێژووییەکان بەردەوامە، ڕێژەکانی ئەم ئەفسانەیە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ڕۆژنامەکان بەدوای ڕیکۆردێکدا دەگەڕێن لەگەڵ داتاکانی پێشوویدا کۆی بکەنەوە.

لەکۆتا ڕووبەڕوبونەوەکانی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین، جادوگەرەکەی “ئالبی سیلیستی” بەرامبەر ھەڵبژاردەکانی بەرازیل و ئۆرۆگوای گۆڵی تۆمار کرد، تۆماری گۆڵە نێودەوڵەتیەکانی بە درێسی سپی و شینی ئاسمانیەوە لە بۆنە فەرمیەکاندا گەیاندە (٧٠) گۆڵ، لەکاتێکدا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی ئەفسانەی ڕکابەر ڕێژەی گۆڵەکانی بەدرێسی “بەرازیلی ئەوروپا”وە گەیاندۆتە (٩٩) گۆڵ.

گۆڵەکانی کامیان بایەخیان زیاترە؟

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تۆڕی “کۆراڵ”ی تایبەت بە گرەوە وەرزشییەکان، مێسی ڕێژەی لەسەدا (٢٦.٠٩)ی گۆڵەکانی لەکۆی (٧٠) گۆڵ بەرامبەر ئەو ھەڵبژاردانە تۆمار کردووە، کە لە لیستی (١٠) باشترینەکەی جیھاندان (بەپێی لێکدانەوەکانی فیفا و ئەو ڕیزبەندیەی ساڵانە بڵاودەکرێتەوە).

لەبەرامبەردا “دۆن کریستیانۆ”ی پورتوگالی لەسەدا (٨.٠٨)ی گۆڵەکانی لەکۆی (٩٩) گۆڵ بەرامبەر (١٠) ھەڵبژاردە باشترینەکەی (فیفا) تۆمار کراون، کە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە بەنسبەت کۆی(٩٩) گۆڵە تۆمارکراوەکەیەوە.

گۆڤاری “فۆربس”ی ناودار بەھەمان شێوە ئاماژەی کردووە، کە ئەگەر نێوەندی ڕێژەی گۆڵەکانی مێسی و کریستیانۆ ئاشکرا بکەین بۆمان دەردەکەوێت (٥٧ لە ٧٠)ی گۆڵەکانی “پوڵگا” بەرامبەر یەکێک لە (٥٠) باشترینەکەی فیفا بووە و لەسەدا (٨٢)ی گۆڵەکانی دەکات، ناودارترین قوربانیەکانیشی ھەڵبژاردەی بەرازیل و ئۆرۆگوای و پاراگوای بوون کە پێنج گۆڵی لەسەر ھەر یەکێکیان تۆمار کردووە.

لەبەرامبەردا ئەستێرە ناودارەکەی یانەی یوڤانتۆس (٢٨ لە ٩٩) گۆڵی بەرامبەر ئەو ھەڵبژاردانە تۆمار کردووە کە لە ڕیزبەندی (٥٠) باشترینەکەی جیھاندا بوون، لیتوانیا و ئەندۆرا و ئەرمینیا و لاتیڤیا و لۆکسمبۆرگ و سوید قوربانیەکانی بوون و لە پێنج گۆڵ و زیاتری لەسەر تۆمار کردوون.

پیلێ دەگرێتەوە؟

 

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی لیۆ مێسی بریتی بووە لە لێدانە سزاکان، لەکۆی (١١٣) پەناڵتی (٢٨)ی لەدەستداوە، واتا ڕێژەی سەرکەوتنی لەسەدا (٧٧.٨) بووە، لەساڵی ٢٠١٩شدا دە پەناڵتی ئاڕاستە کردووە و ھەشتی کردووە بە گۆڵ و ڕێژەکە بۆ لەسەدا (٨٠) بەرزبووەتەوە، ئەم ژمارەیەش ئەگەر تایبەت نەبێت بە مێسی و بۆ یاریزانێکی ئاسایی بەھێزە، بەڵام بۆ ئەفسانەیەک لەو کێش و پێگەیەدا لاوازە.

یەکێکی تر لە گرنگترین ئەو تاقیکردنەوانەی لەم وەرزەدا ڕووبەڕوی مێسی دەبێتەوە، چنینەوەی نازناوی گۆڵکاری مێژوویی ئەمریکای لاتینە.

بەپێی داتاکان، پیلێی ئەفسانەی ڕەش ئەسمەری بەرازیل لەژیانی وەرزشییدا توانیویەتی ھەزار گۆڵ تۆمار بکات، ھەندێک لەسەرچاوەکان پێیان وایە لەم داتایانەدا ھەڵەیەک ھەیە و زیاتر لە ٣٠٠ گۆڵی تۆمارکراو لەڕووبەڕوبونەوە نافەرمیەکاندا بوون.

بەھەرحاڵ، مێسی تا ئێستا (٦١٢) گۆڵی بەدرێسی بەرشلۆنەوە تۆمار کردووە بەرامبەر (٦٤٢) بۆ پیلێ بەدرێسی یانەی سانتۆسەوە (تا کاتی وازھێنان)، ئەم ڕێژەیەی “گەوھەرە ئەسمەرەکە” بۆ (٧٥٧) گۆڵ بەرز دەبێتەوە ئەگەر بێتو یانەی نیۆرک کۆزمۆس و بەرازیلی لەگەڵدا کۆبکەینەوە.

کۆی گشتی گۆڵەکانی لیۆ لەسەر ئاستەکانی ھەڵبژاردە و یانە دەگاتە (٦٨٢) گۆڵ بەرامبەر (٧٠٧) گۆڵ بۆ کریستیانۆ، شارەزایان پێیان وایە “سەماکەرەکەی تانگۆ” تەنھا پێویستی بە ڕاگرتنی ھاوسەنگی و تەندروستی جەستەی دەبێت تا لە ھاوینی داھاتوو تاقیکردنەوەکانی کۆپا ئەمریکا و پاڵاوتنەکانی کۆنمیبوڵ و یارییە دۆستانەکان بەسەرکەوتویی تێپەڕ بکات، بەوشێوەیە دەتوانێت ھەردوو ڕکابەرە مێژووییەکەی بە تۆماری زۆرترین ڕێژەی گۆڵ تێپەڕ بکات و ببێتە گۆڵکاری مێژوویی کیشوەری لاتینۆس و گۆڵکاری مێژووی لەسەر ئاستی ھەڵبژاردەکان، ئەمە لەکاتێکدا کە ئێستا گۆڵکاری مێژوویی ئەرجەنتینە.

بابەتی پێشتر

لیدز یونایتد 1-1مانچستەر سیتی

بابەتی دواتر

(٢٠) خاڵی مێژوویی "بالۆن دۆر" ئەو خەڵاتە گەورەیەی ئەمشەو پێشکەشی باشترینی جیھان دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share