سکۆلز: ڕەنگە ئەم هێرشبەرە بگاتە ئاستی مێسی و کریستیانۆ

 

ئەفسانەی یانەی مانچستەر یونایتد، پۆل سکۆڵز پێیوایە، ئێرلینگ هالاندی نەرویجی هێرشبەری یانەی بوروسیا دۆرتمۆند ڕۆژێک لە ڕۆژان دەگاتە ئاستی مێسی و کریستیانۆ.

گەوهەرەکەی نەرویج بە درێسی یانەی دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکردووە، لە کۆی 45 ڕوبەڕوبوونەوە توانیویەتی 49 گۆڵ تۆماربکات، هەروەها 12 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی ڕەخساندووە.

لاوە 20 ساڵەکە لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بانگهێشتی هەڵبژاردەی نەرویج کراوە، لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەرانبەر هەڵبژاردەی ڕۆمانیا سێ گۆڵی تۆمارکرد، کە ئەوەش یەکەمین هاتریکە لە مێژووی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکاندا تۆماریدەکات.

پۆل سکۆڵز ئەفسانەی مانچستەر یونایتد لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی ستادیەم ئاسترۆی ڕاگەیاندووە، ” پێموایە ئێرلینگ هالاند یاریزانێکی ناوازەیە، هەندێجار دەگەمە ئەو بۆچوونەی لە داهاتوودا دەگاتە ئاستی مێسی و کریستیانۆ، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێژە گۆڵە زۆرەی تۆماریدەکات”.

هەروەها دەڵێت، ” پاڵپشت بەو ئاستەی هالاند پێشکەشیدەکات، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم جادۆن سانچۆ یاریزانێکی گونجاو بێت بۆ یانەی مانچستەر یونایتد، لەبەرئەوەی یانە مێژووییەکەی ئینگلتەرا سێ یاریزانی بەهەمان خەسڵەت لە پێگەکەیدا هەیە، بۆیە بەهۆی شکستی گواستنەوەی ئەم یاریزانەوە هەرگیز خەمبار نەبووم، چونکە یانەکە پێویستی پێی نییە، بەڵکو پێویستیان بە یاریزانێکە هاوشێوەی هالاند”.

پۆل سکۆڵز چەند ڕۆژێکە وەک ڕاهێنەری یانەی سالفۆرد سیتی لە خولی پلە دووی ئینگلتەرا دەستبەکاربووە، لە پێشووشدا سەرپەرشتی یانەی ئۆڵدهام ئەتلەتیکی کردووە.

بابەتی پێشتر

هازارد بۆ کلاسیکۆ ئامادە دەبێت؟

بابەتی دواتر

ئۆکرانیا تۆڵەی لە ئیسپانیا کردەوە و ئەڵمانیا یەکسانبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share