هەردوو لایەنی دیالۆگی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەییان دەربڕیووە بە گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ، ئەوەش دوای ئەوەهات کە جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەگەڵ هەردوولادا کۆبوویەوە.
ماوەی دوو ساڵە گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان بەرێوبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیک و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) بەردەوامە و لەسەر چەند خاڵێک گفتوگۆی چر دەکرێت و بەشێک لە خاڵەکان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئەمڕۆ هەردوو لایەنی دیالۆگی کوردی- لە ڕۆژئاوا ئامادەییان دەربڕی بۆ دەسپێکردنەوەی خولێکی نوێی گفتوگۆکان، ئەویش دوای کۆبوونەوەی جێگری نێردەی ئەمریکی لە سوریا لەگەڵ هەریەک لەو دوو لایەنەی گفتوگۆ دەکەن.
لەسەر ئەو پرسە ساڵح کەدۆ، سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی کوردی لە سوریا، کە ئەندامێکی لیژنەی دانوسکارە لە بەرەی پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردی، بە نۆرس پرێسی ڕایگەیاندووە، ئەوان بە بێ مەرجی پێشوەخت ئامادەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانن لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی (ئەنەکەسە).
هاوکات سلێمان ئەوسۆ، سکرتێری پارتی یەکێتی کوردستانی-سوریا و ئەندامی دانوسانکار لە ئەنەکەسە، بە هەمان شێوە ئامادەیی ئەنەکەسەی بۆ داسپێکردنەوەی دیالۆگەکان لە کەشوهەوایەکی ئەرێنیدا، پشتڕاست کردەوە.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر گفتوگۆی لەلایەنەکانی ڕۆژئاوا کلیک لێرە بکە.