بافڵ تاڵەبانی پەیامێک ئاڕاستەی کۆمەڵەی خوێندکاران دەکات

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 45 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خویندکارانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیتشتمانیی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی ئەو کۆمەڵەیە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە کۆمەڵەی خوێندکاران لەئاست ئەم خەباتە نوێ و سەردەمییانەدا بێت و بە بەرنامە و پڕۆژەوە پێشڕەوی ئەم نەوە نوێیە بکات.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیتشمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ کۆمەڵەی خوێندکاران ڕایدەگەیەنێت، ” بەبۆنەی 45هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، چەپکەگوڵی پیرۆزبایی و ماندوونەبوونتان پێشکەش دەکەین، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان زادەی خەباتی پیشەیی و مەدەنی لاوان و خوێندکاران بوو لە سات و قۆناغێکی خەباتی سەختی کوردایەتیدا کە بوونە داینەمۆ و ھەڵسوڕێنەری شۆڕشی نوێ و خەباتی چەکداری و رێکخستنەکان، زیندانەکانیش بە ورەی ئێوەوە رۆحی بەرگری تێدا جۆشدەدرایەوە و لەوپێناوەشدا سێ سکرتێرتان بەخشی بەنیشتمان”.

هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، لەکاروانی شەھادەتدا زۆرن ئەو خوێندکار و لاوانەی لەڕیزی پێشەوەی نەمریدان و لەپاڵ خەباتی خوێندکاریی و پێگەیاندنی نەوەی رۆشنبیردا بوونە سیمبولی مقاوەمەت و زیندوێتی شۆڕشی نوێ، ئەمڕۆ یادی زیاتر لە چوار دەیە لەخەباتی پیشەیی و مەدەنی و خوێندکاریتان دەکەینەوە، بەڕێزەوە لە مێژووی پڕ شانازیتان دەڕوانین و بەڵێنی ھاوپشتی زیاترتان پێدەدەین لەپێناو سەرپێخستنی توانا و حەز و خولیاکانی گەنجان و خوێندکاران کە بە ئومێد و دیدێکی نوێوە لە ژیان و ئایندەیان دەڕوانن.

بافڵ تاڵەبانی لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت، ” پێویستە کۆمەڵەی خوێندکاران لەئاست ئەم خەباتە نوێ و سەردەمییانەدا بێت و بە بەرنامە و پڕۆژەوە پێشڕەوی ئەم نەوە نوێیە بکات و رێنیشاندەر و ھاندەر و پشتیوانیان بن لە رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ پەروەردەکردنیان و بەدیھێنانی خولیا و ئامانج و خەونەکانیان. هەروەها داکۆکیکار و سەرمەشقی زیاتری پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بن. ئێمەش ھاوکار و پشتیوانتان دەبین تا سەرباری ئەرکە پیشەیی و رێکخراوەیی و مەدەنییەکانتان، لەونێوەندەشدا رۆڵی باشتر بگێڕن کە پێویستییەکی قۆناغەکەیە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: ئەو نوێبوونەوەیەی كۆنگرەی چوار بەدیینەهێنا، پێویستە “دیداری یەكێتی” ‏بەدییبێنێت

سه‌رپه‌رشتیاری مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “دیداری یه‌كێتی” ده‌یه‌وێت چه‌ندین ته‌وه‌ری جێی بایه‌خی ئێستا و ئاینده‌ی حزبه‌كه‌،…
Total
0
Share