ئەمڕۆ 24ی نیسان، 104 ساڵ تێدەپەرێت بەسەر کوشتاری ئەرمەنەکاندا لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە، کە لە نێوان ساڵەکانی 1915 بۆ 1917 نزیکەی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەن لە سنوری ئیپراتۆرییەتەکەدا کۆمەڵکوژکران.
ئەمساڵ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە زیاتر لە بەرچاوە، چونکە جۆبایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دانی بە کۆمەڵکوژییەکەدا نا و ئەوەش تورکیا بە جۆرێک لە “ستەم” ناوی دەبات.
کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان Հայոց ցեղասպանությո لە ساڵەکانی نێوان 1915 بۆ 1917ڕویداوە، ئەوکات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە بیانوی جیاواز و بە بیانوی هاوکاری ئەرمەنەکان بۆ بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕوسەکان نزیکەی یەک ملیۆن و نیوی لێکوشتن و ئێستاش بەشیك لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکە بە دیکۆمێنت ماوە.
کۆمەڵکوژییەکە چۆن ڕویدا؟
لە ساڵی 1915 دا و لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانییەکاندا و بەپێی پلانەکانی ئەنوەر پاشا، تەلعەت پاشا و جەمال پاشا و تەشیکلاتی مەخسووسەی عوسمانییەکان (دەزگای ھەواڵگریی عوسمانییەکان) و سوپای حەمدییە لە شارەکانی ئیستەنبول، یوزگات، ئەنقەرە، قەیسەری، موغڵا، وان، سێواس، بدلیس، موش، ئەدەنە، ترابزۆن، ھاتای، ئیزمیر، ئەفیون، ئیزمیت، ئەسکی شەھیر، مانیسا، کاستامۆن و زیاتر لە 50 شار و ناوچەی تری ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەک میلیۆن و 500 ھەزار ئەرمەنی کۆمەڵکوژکراون و نزیکەی 500 ھەزار ئەرمەنیی تریش لە شوێن و ماڵی حاڵی خۆیان بۆ ناوچە دوورە دەستەکانی وەک دێرزور و بیابانەکانی ناوەڕاستی سوریا ڕاگوێزران.
تورکیا بۆچوونی چییە لەسەر ڕوداوەکە؟
ئێستا ئیدارەی بایدن ئەوەی ئاشکراکردووە دانی بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا ناوە و بە فەرمی ناساندوویەتی، تورکیا بەردەوام بەتوندی دژی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکانە، ڕەتیشیکردووەتەوە دەوڵەتی عوسمانی کۆمەڵکوژیی دژی ئەرمەنەکان ئەنجامدابێت.
تورکیا دەڵێت، “لە کاتی جەنگدا خەڵکی هەر دەکوژرێن و چۆن لە جەنگی یەکەمی جیهاندا، 300 بۆ 500 هەزار ئەرمەنی کوژراون، ئاواش 300 هەزار تورک کوژراون، بەڵام ئەم بەڵگانە لەلایەن هیچ ناوەندێکی فەرمییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، چونکە ئەو تورکانەی کوژراون سەرباز بوون و ئەرمەنەکان خەڵکی سڤیل بوون.