هاشم کەنەدی شارەزای سیاسیی عێراقی، جەخت لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەكاتەوە بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق “لەژێر ناوێکی دیکەدا”، پێی وایە واشنتۆن گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ عێراق بۆ مەبەستی مانەوەی هێزەكانی بەکاردەهێنێت.
هاشم کەنەدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فارس نیوزدا دەڵێت، “ئەو دانوستانەی ئەمریکا بەناوی گفتوگۆی ستراتیژییەوە بەسەر عێراقدا سەپاندویەتی، پلانێکی دیکەیە بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و گۆڕینی ناونیشانی هێزەکانییەتی لە داگیرکەرەوە بۆ هێزێکی ڕاوێژکاری و ڕاهێنان، یان هەر ناوێکی دیکە، کە ڕێگە بۆمانەوەی زیاتریان خۆشبکات”.
ئەو شارەزا سیاسییە عێراقییە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، “ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن درێژە بە دانوستانەکان بدەن و یاری بە کات و گفتوگۆکان دەکەن بۆ مانەوەی زیاتر، خۆیاندەپارێزن لە بەڵێنێکی ڕوون و یەکلاییكەرەوە بۆ کشانەوەی تەواوەتی لەکاتێکی دیاریکراودا، دیارترینیشیان سێیەم گەڕی دانوستانەکان بوو، کە ئەنجامەکەی لێکدانەوە و بۆچوونی زۆری هەڵدەگرت سەبارەت بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق”.
کەنەدی ڕایگەیاندووە، “ئەمریکا گرنگییەکی زۆر دەدات بە عێراق، بەهۆی ئەو هەڵکەوتە جیۆسیاسییەی هەیەتی، هەروەها عێراق بووەتە ئەو ناوچەیەی، کە دڵی ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە واشنتۆن نایەوێت ئەو ناوچەیە بۆ ئێرانییەکان چۆڵ بکات، ئەمریکا دەیەوێت لە پلانەکانیدا لە عێراق سەرکەوتوو بێت بۆ گەڕانەوەی شکۆ و هێزیان لە ناوچەکە، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریکا لە سەرجەم هەوڵەکانی لە وڵاتانی ناوچەكەدا شکستی هێناوە”.
لە ساڵی ڕابردوودا، دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، پەرلەمانی عێراق بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ماوەیەکی کەمدا و بە دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێك لە سوننەكان پەسەندکرد.