ئەو هێزەی لەگەڵ ئاسایشی ڕۆژئاوا لە قامشلۆ شەڕ دەکات کێن؟

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئاسایشی ڕۆژئاوا و چەکدارانی ” الدفاع الوطني”، “بەرگریی نیشتمانی”  بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 10 ئەندامی سوپای “بەرگریی نیشتمانی” سەر بە حکومەتی سوریا کوژراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە میدیاکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایدەکەن، زیان بەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش کەوتووە و هاوکات مندالێکی تەمەن 12 ساڵیش بە تەقەی هێزەکانی “بەرگریی نیشتمانی” کوژراوە.

هێزەکانی “بەرگریی نیشتمانی” باڵێکی سەربازی سەربە حکومەتی سوریان و لە ساڵی 2012 دا بە هاوکاری ئێران دامەزراوە، ئەم هێزە ئەگەرچی نوێنەرایەتی تەواوی سوپای سوریا دەکات، بەڵام وەک گروپێک خۆیان بەیان دەکەن.

هۆکاری خۆ جیاکردنەوە لە سوپای سوریا و دروستکردنی گروپێک بەناوی ” الدفاع الوطني” دوو هۆکاری هەیە، هۆکاری یەکەم شاردنەوەی ئەو کردارانەی دژی نەیارەکانیان دەیکەن لە کۆمەڵگەی جیهانی، تا کۆمەڵگەی جیهانی لە جێگەی سوپای سوریا ئەو گروپە تۆمەتبار بکات.

هۆکاری دووەمی دروستکردنی ئەو گروپە وەرگرتنی ئەو کەسانەیە کە هەڵگری ناسنامەی سوری نین و وەک هاوکاری لەلایەن ئێرانەوە دەنێردرێن بۆ سوریا.

هێزی “بەرگریی نیشتمانی” ڕاستەوخۆ پێداویستی و توانای سوپای سوریا بەکار دەهێنن و هەموو ئەو پێداویستیانەی کە لەبەردەست سوپای سوریادا هەیە بۆ ئەوانیش کراوەیە.

پێکدادانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەردەوامن؟

لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆ حکومەتی سوریا چەند زۆنێکی بە دەستەوەیە و هەر لە ساڵی 2011 وە نەکشاوەتەوە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بەردەوام هاوکاریان لەلایەن دیمەشقەوە بۆ ڕەوانەدەکرێت، بە تایبەت لە شاری قامشلۆوە چونکە فڕۆکەخانەی شارەکە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریادایە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندینجار پێکدادانی هێزەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک و هێزەکانی حکومەتی سوریا بیندراوە، بەپێی لێکدانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریایە کە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئەو ناوچانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەست حکومەتی سوریاوەیە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە ئەو بابەتانەی پۆلی 12 کە هەڵپەسێردراون ئاشکرا دەکات

بابەتی دواتر

وەک شاژنی دۆکیۆمێنتی شۆڕش خەڵاتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share