پێشبینیدەكرێت بایدن دان بە كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكاندا بنێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و جۆ بایدن

پێشبینی دەكرێت سەرۆكی ئەمریكا بەفەرمی دان بە لەناوبردنی بەكۆمەڵی ئەرمەنەكان لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بنێت لەماوەی جەنگی یەكەمی جیهاندا، لە هەنگاوێكدا، كە بۆی هەیە ببێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە.

سێ سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندوە، پێشبینی دەكرێت جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا دەستەواژەی “كۆمەڵكوژی” بەكاربهێنێت لە بەیاننامەی ڕۆژی 24ی نیسان تایبەت بە یادكردنەوەی قوربانیان لە ناوچە جیاوازەكانی جیهان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار وتویەتی، “ئەوەی تێیگەیشتووم ئەوەیە، كە بڕیارەكە دراوە و دەستەواژەی كۆمەڵكوژی لە بەیاننامەكەی ڕۆژی شەممەدا بەكاردەبرێت”، بەڵام سەرچاوەكان هۆشدارییاندا لەوەی پێدەچێت بایدن لە دوایین كاتەكاندا پاشگەزببێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ توركیا.

جین ساكی، سكرتێری ڕۆژنامەوانیی كۆشكی سپی، ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت، لە ڕۆژی شەممەدا كۆشكی سپی “زۆرتری هەیە بۆ وتن” لەبارەی ئەم پرسە.

بەر لە ساڵێك، بایدن، ئەوكاتەی هێشتا پاڵێوراوی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بوو، ساڵیادی 1.5 ملیۆن كەسی لە پیاو و ژن و منداڵی ئەرمەنی كردەوە، كە لە ڕۆژانی كۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی گیانیان لەدەستدا و وتی، پشتیوانی هەوڵەكانی ناونانی ئەو كوشتنە بە “كۆمەڵكوژی” دەكات.

توركیا هاوڕایە لەسەر ئەوەی زۆرێك لەو ئەرمەنانەی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ژیاون، لە پێكداداندا لەگەڵ هێزەكانی عوسمانیدا لە جەنگی یەكەمی جیهان كوژراون، بەڵام گومانی لە ژمارەكە هەیە و ڕەتیشیكردەوە كوشتنەكە پلانبۆداڕێژراو بێت و كوشتنی بەكۆمەڵ بێت.

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا پەیوەندی پتەوی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا هەبوو، بەڵام هیچ گفتوگۆیەكی لەگەڵ بایدن ئەنجامنەداوە لەو كاتەوەی لە 20ی كانونی دووەمی ڕابردووەوە چووەتە كۆشكی سپی.

ڕۆژی سێشەممە مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا وتی، ئەگەری هەیە هەر جوڵەیەك لەلایەن بایدن-ەوە بە ناونانی كردەكانی كوشتن بە كۆمەڵكوژی، زیانی گەورە بە پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی ئێستای هەردوو وڵاتە ئەندامەكەی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی بگەیەنێت.

س: مۆنتی كارلۆ

بابەتی پێشتر

خولی ئینگلیزی دەبێتە خولی بەریتانیای گەورە؟

بابەتی دواتر

چاوەڕواننەکراو.. بەرشلۆنە لەپشت بیرۆکەی سوپەری ئەوروپییەوە بووە

بابەتی پەیوەندیدار